گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: رێنمایی زیادکردنی نرخی کارەبا پەسندنەکرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە نرخی کارەبای ماڵان زیادی کردبێت و دەڵێت ئەوەی زیادکراوە تەنیا کارەبای سیتییەکانی نیشتەجێبوونە، چونکە موەلیدەیان نەماوە، دەشڵێت ئەو نووسراوانەی لەبارەی زیادکردنی کارەباوە هەن پێشنیاز بوون و پەسندنەکران و کاریان پێناکرێت.
رۆژی چوارشەممە 12-7-2023 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی نووسراوێک کە تێیدا کرێی کارەبا زیادکراوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی کارەبا زیادنەکراوە، ئێستا کارەبا هەمان نرخی پێشووی هەیە کە هەر کیلۆواتێک 18 دینارە و بەپێی خەرجکردن زیاد دەبێت."
ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئەوەی هەیە تەنیا زیادکردنی نرخی کارەبای سیستییەکانە ئەوانەی پێیاندەگوترێت (High Cost) کە بووەتە 156 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک، ئەوەش بەهۆی ئەوەی موەلیدەیان نەماوە و تەنیا پارەی یەک کرێی کارەبا دەدەن لەبری ئەوەی دوو کرێ بدەن موەلیدە و کارەبای نیشتمانیش."
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 12-07-2023 لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسی: "پێشتر نرخی کارەبا لە 18 دینارەوە دەستی پێدەکرد، ئێستا دەبێتە 60 دینار! سیتییەکان دەکرێتە 24 کاتژمێری و تەساعودیش نییە!! لە سلێمانی 156 دینار و لە هەولێر 175 دینار!، ئەمە بارگرانییەکی ئێجگار گەورەیە، من دژی زیادەڕۆییم، بەڵام ئەم زیادکردنە بەم بڕە زۆر خراپە خەڵک توانای نییە!"
عەلی حەمەساڵح لەگەڵ پۆستەکەیدا ،نووسراوێکی وەزارەتی کارەبای بڵاوکردووەتەوە، کە لە 4-6-2023 دەرچووە و بە گوێرەی رێنماییەک نرخی کارەبا زیاد بووە.
بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە بارەی ئەو نووسراوەوە گوتی: "ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە پەیوەندیی بە پێشنیازێکەوە هەبووە بۆ نرخی کارەبا، بەڵام پێشنیازەکە پەسندنەکرا و کاری پێنەکرا، بۆیە نرخی کارەبا وەکو خۆیەتی."
لە ژمارە 306ــی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، رۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 14ـی مانگی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، رێنمایی ژمارەی یەکی ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە، کە هەمواری یەکەمی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021، رێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبایە و لە رۆژی 4ـی مانگی رابردوو وەزارەت دەریکردووە.
لە رێنماییەکەدا هاتووە: "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی کارەبای ژمارە 6ـی ساڵی 2021ـی هەموارکراو و بەپێی نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران ژمارە 765 لە 30-5-2023 و پەسەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بەنووسراوی ژمارە 2254 لە 31-5-2023 بڕیارماندا بە:
زیادکردنی بڕگەیەک بۆ خشتەی ژمارە 5ـی تایبەت بە نرخەکانی یەکەی کارەبا لە رێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا ژمارە 2ـی ساڵی 2021 بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
-نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە 156 دینار بۆ یەک کاژێر.
ئەم رێنماییە لە رۆژی 1-6-2023 جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی نرخی کارەبا، پێشتر رایگەیاندبوو: "نرخی 156 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک بە بەراورد لەگەڵ کرێی ساڵی رابردووی هەمان هاوبەش بە دوو سەرچاوەی کارەباوە، 90 هەزار دینار کەمتر لەسەری دەوەستێت و کارەبایەکی 24 کاژێریش دەبێت."
هەروەها گوتی ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر پڕۆژەی پریپەید دەکەن و بەهۆی سیستەمەکەوە کارەبای بەردەوام بۆ هەندێک شوێن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابینکراوە، بەهۆیەوە هاووڵاتی تەنیا یەک گۆژمە کرێی کارەبا دەدات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 185 موەلیدەی گەورەی یەک تا دوو مێگاواتی بەهۆی پرۆژەی پریپەیدەوە لە کار وەستاون و کاریگەرییان لەسەر پاراستنی ژینگە هەبووە.
ساڵی 2021 وەزارەتی کارەبا رێنمایی ژمارە 2ـی تایبەت بە کارەبای دەرکرد، بەپێی خشتەی پێنجەمی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی کارەبا کە لە رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، کرێی کارەبا بەمجۆرە دیاریکراوە:
-ماڵان:
خەرجکردنی لەماوەی مانگێک:
1- یەک بۆ 450 کیلۆوات: 18 دینار
2- 451 بۆ 900 کیلۆوات: 24 دینار
3- 901 بۆ 1500 کیلۆوات: 42 دینار
4- 1501 بۆ 2100 کیلۆوات: 72 دینار
5- 2101 بۆ 3000 کیلۆوات: 90 دینار
6- 3001 بۆ 5000 کیلۆوات: 180 دینار
7- 5001 بەسەرەوە: 240 دینار
- بازرگانی: 156 دینار بۆ هەر یەک کیلۆوات لە کاژێرێکدا.
-پیشەسازی:
خەرجکردنی لەماوەی مانگێک:
- 0.4 کیلۆڤۆڵت: 144 دینار
- 11 کیلۆڤۆڵت: 120 دینار
- 33 کیلۆڤۆڵت: 120 دینار
- 132 کیلۆڤۆڵت: 120 دینار