نێوبانگی کەبابی کوردستان سنوورەکانی بڕیوە و گەشتیاری عەرەب و ئەورووپی داوای دەکەن


رووداو-هەولێر

لە کوردستان، کەباب تەنیا خواردنێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی شارەکان و کولتووری میوانداری. بۆن و بەرامەکەی لە کۆڵانەکانی هەولێر و بازاڕەکانی سلێمانی تێکەڵ بە هەوا بووە و نێوبانگەکەی سنوورەکانی بڕیوە.
 
ریاز خەلەف، راهێنەری ناسراوی لەشجوانی و خاوەنی نیو ملیۆن فۆڵۆوەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەیەکی دووری لە بەغداوە بۆ هەولێر بڕیوە، نەک بۆ کار و بازرگانی، بەڵکو تەنیا بۆ خواردنی شیشێک کەبابی هەولێر. ئەو دەڵێت، کەباب خواردنی دڵخوازیەتی و زۆرجار تەنیا بۆ تامکردنی، سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
ریاز خەلەف بە رووداوی گوت، "سەیری کەبابەکە بکە چەند گەورەیە! ئەم شیشە تایبەتە بە 5 هەزار. کاک ئیبراهیم، ئەو کەبابە بخۆ ئەگەر لەپێش کامێراش بمری."
 
شوێنەکە یەکێکە لە کۆنترین و بەنێوبانگترین کەبابخانەکانی هەولێرە؛ کەبابخانەی حاجی یاسین، کە وەک میراتێک بۆ کوڕەکانی بەجێماوە و زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوام جممەی دێت لە کڕیار و گەشتیار.
 
سیروان یاسین، کە سەرپەرشتیی کەبابخانەکە دەکات، باس لە نهێنیی بەتامیی کەبابەکەیان دەکات و دەڵێت: "کەبابی ئێمە تایبەتە، چونکە گۆشتەکەی بەدەستی خۆمان دەیكڕین و ئامادەی دەکەین، وانییە لە ماڵەوە دانیشین و قەساب گۆشتمان بۆ بنێرێت."
 
نێوبانگی ئەم کەبابە سنوورەکانی بڕیوە. سیروان یاسین ئاماژە بەوە دەکات، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری بیانی، لە کارمەندانی کۆنسووڵخانەکانەوە تاوەکو کارمەندانی کۆمپانیا ئەورووپییەکان، سەردانیان دەکەن. ئەو دەڵێت: "نزیکەی 95٪ی کڕیارەکانمان بیانین و رۆژانە نزیکەی 100 شیش کەباب بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرین."
 
وەک ئاماژەیەک بۆ دێرینی و گرنگیی کەباب لە کولتووری شارەکەدا، سیروان گێڕایەوە: "جاران هەرکەسێک بهاتبایە هەولێر، پشدێنەکەی دەهێنایە دەرەوە و دەست و دەمی پێدەسڕییەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت کەبابی هەولێری خواردووە."
 
گەشتیارانی دیکەش شایەتی بۆ پاکی و بەتامیی خواردنەکەی دەدەن. حوسێن نەجاڕ، بازرگانێکی خەڵکی تارانە و دەڵێت: "خۆم و ماڵ و منداڵم زۆربەی وڵاتان گەڕاوین، بەڵام ئێرە خواردن و شوێنەکەیان زۆر پاکە."
 
کەباب؛ لە ناسنامەی شارەکانەوە بۆ کولتووری میوانداری
 
مێژووی کەباب لە هەولێر بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە، کاتێک حاجی دەروێشی سنەیی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1918 ئەم خواردنەی هێنایە نێو خوانەکانی هەولێر. لەو کاتەوە، بۆنی خەڵووز و گۆشتی برژاو باڵی بەسەر بازاڕی شارەکەدا کێشاوە.
 
کەباب تەنیا لە هەولێر نەبووەتە ناسنامە، بەڵکو لە سلێمانیش یەکێکە لە دیارترین خواردنەکان و تێکەڵ بە مێژووی ژیانی بازاڕ و شارنشینی بووە.
 
هیوا مەدحەد، کە نزیکەی 50 ساڵە لەگەڵ کوڕەکانیدا پیشەی کەبابچێتی دەکات، باس لە کەبابەکەیان دەکات و دەڵێت: "10 کەباب بخۆ بە خەیاڵتا نایە، کەچی کەبابی شارەکانی تر بخۆیت، دەبێت دوو سێڤنئەپی بەسەردا بکەیت."
 
ئەو یادگارییەکی کۆنیش دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "کاتی خۆی شێخ لەتیفی حەفید هەموو رۆژێک کەبابی باوکمی دەخوارد، چونکە دراوسێمان بوو، من بۆم دەبرد. باوکم گۆشتی ئێسقانەکانی بۆ دەکرد بە کەباب و لەسەر تەختە بە قیمەسازیی دەستیی ساڵانی پەنجاکان بۆی ئامادە دەکرد."
 
مێژووی کەباب لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی کۆن، کاتێک ئاژەڵداری پێشەی سەرەکیی کورد بووە و برژاندنی گۆشت یەکێک بووە لە کۆنترین شێوازەکانی ئامادەکردنی خواردن. لە کولتووری کوردیدا، پێشکێشکردنی کەباب نیشانەی رێز و بەخشندەییە و چیرۆکی خاکێک دەگێڕێتەوە کە ژیان و کۆبوونەوەکانی تێکەڵ بە تام و بۆنی رەسەنی خواردنەکانی بووە.