رەوەبەرازێک روو لە رەز و باخەکانی گوندی کەوەرتیان دەکەن

هەرچەندە زیانی بە رەز و باخەکانیان گەیاندووە، بەڵام خەڵکی گوندەکە رێگە بە کەس نادەن، ئاژەڵە کێوییەکان بکوژن، ئەگەر ئاژەڵەکان دڕندەش بن، رێگەیان پێدەدەن بگەڕێنەوە لانەکانیان.

شەوی رابردوو رەوە بەرازێک، روویان لە رەز و باخەکانی گوندی کەوەرتیان دەکەن لە سنووری قەزای شەقڵاوە، دواتر بە مەبەستی ئاو خواردنەوە دەچنە سەر بیرێکی ئاو، بەڵام هەموویان دەکەونە نێو بیرەکە.

 خاوەنی رەز و باخ بیلال کەریم لەوبارەوە دەڵێت : "بیرەکە ئاوێکی کەمی تێدا مابوو، بۆیە بەرازەکان لە نێو قوڕ و لیتەی ناو بیرەکە گیریان خواردبوو، بەڵام خەڵکی ئەو گوندە، هەندێک ئاویان لە بیرەکەکرد، تاوەکو بەرازەکان بە مەلەکردن لە دەروازە نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن".

دوای ماوەیەکیش قایمقامی شەقلاوە، لەگەڵ تیمێکی بەرگری شارستانی شەقڵاوە، بۆ دەرهێنانی بەرازەکان هاتنە شوێنەکە، بەڵام تاوەکو ئەوان هاتن خەڵکی گوندەکە بەرازەکانیان رزگار کردبوو.

 قایمقامی شەقڵاوە رزگار حەسەن دەڵێت : "لەم نەوچە شاخاوییانە، ئاژەڵی کێوی زۆرن، بەراز و گورگ و مار، تەنانەت ورچیشی لێیە، کە هەموویان ئاژەڵی دڕندە و زیانبەخشن، بۆیە دانیشتووانی گوندەکە داوا لە قایمقامییەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بە تەڵبەندێک سەروەت و سامانیان لەو ئاژەڵان بپارێزن.