مەیدانی حاجیاوا رۆژانی هەینی بازاڕی گەرمە

رووداو- حاجیاوا

چەند ساڵێكە لە باشووری كوردستان رۆژانی هەینی زۆرینەی كاسبكاران دوكانەكانیان دادەخەن و پشوودەدەن. بەڵام لە هەندێ شار و شارۆچكە بە پێچەوانەوە بازاڕەكان لەم رۆژەدا گەرم دەبن. لە شارۆچكەی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین، بازاڕێك كە بە مەیدانی حاجیاوا ناسراوە، لە هەینیان بە سەدان هاونیشتمانی رووی تێدەكەن بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان.

لەگەڵ دروستبوونی شارۆچكەی حاجیاوا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ئەو مەیدانەش دروستبووە. بەڵام دەگوترێت لە نەوەتەكانی سەدەی رابردووەوە بازاڕی ئەم مەیدانە  بەمشێوەیە گەرمبووە و ناوبانگی دەركردووە.

لەم مەیدانەدا هەموو جۆرە كەلوپەلێك دەستدەكەوێت، بەڵام هاونیشتمانیان و خوودی كاسبكارانیش رەخنەیان لە پیسی ژینگەی مەیدانەكە هەیە . عەباس ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانی حاجیاوا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت :" ئێمە رۆژانە ئەو مەیدانە پاكدەكەینەوە و دوای جێبەجێكردنی ماستەرپلانیش بەشێك لەو مەیدانە دەكەینە باخچە".

ساڵانی رابردوو لە مەیدانی حاجیاوادا كەلوپەلەكان تێكەڵاوبوون، بەڵام ئیستا ئاژەڵفرۆشەكان لە مەیدانەكە جیاكراونەتەوە و بۆ شوێنێكی دیكە گواستراونەتەوە، بڕیاریشە دارفرۆش و ئاسنفرۆشەكانیش بگوازرێنەوە.