فیلمێک لەسەر ژیانی مام جەلال نمایشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، فیلمێکی 50 خولەکی لەسەر ژیاننامەی مام جەلال دروست دەکات و بڕیارە مانگی داهاتوو بڵاوی بکاتەوە، رێکخەری میدیا لە دامەزراوەکە دەڵێت: "ئەمساڵ ساڵیادی ژیانئاوایی مام جەلال لە سێ پارێزگای عێراق بە رێوڕەسمی جیاواز دەکرێتەوە."
رۆژی دووشەممە، 11-9-2023، کاروان رەسووڵ، رێکخەری میدیا لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، لەبارەی ئەو فیلمەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی 3ـی مانگی داهاتوو یادی ساڵرۆژی ژیانئاوایی مام جەلال لەسەر مەزاری جەنابی دەکرێتەوە و رۆژی دواتر لە بەغدا رێوڕەسمێک بەو یادە رێکدەخرێت و رۆژی پێنجی مانگی داهاتووش لە نەجەف بەهاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەیەک ژمارەیەک توێژینەوەی تایبەت بە مام جەلال پێشکێشدەکرێت."
کاروان رەسووڵ هەروەها ئاشکرای کرد، هەر لە مانگی داهاتوودا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی، بڕیارە فیلمێک لەسەر ژیانی مام جەلال نمایشبکرێت کە بۆ یەکەمجارە فیلمەکە بڵاودەکرێتەوە و سەرجەم قۆناخەکانی ژیانی مام جەلالی لە منداڵییەوە تاوەکو ژیانئاوایی تێدایە."
گوتیشی: "فیلمەکە بەڵگەنامەیەکی باشە و زۆر وردەکاریی تێدایە کە بەتایبەت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو گرنگە ئەو زانیارییانەیان لەسەر مام جەلال هەبێت، فیلمەکە لە زیاتر لە 50 خولەکە و سەرجەم ئەوانەی رۆڵیان تێدا گێڕاوە کوردن."
جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستیی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی 19-07-2014 گەڕایەوە سلێمانی.
پاشان جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست برایەوە ئەڵمانیا، دواتر برایە نەمسا، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2016ش گەڕایەوە کوردستان و باری تەندروستیی باشتر بوو.
رۆژی سێشەممە، 03-10-2017 جەلال تاڵەبانی لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین کۆچی دواییکرد. دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دامەزرا. خۆی وا پێناسە دەکات کە "دامەزراوەیەکی ناحکومی سەربەخۆی قازانجنەویست و بێ لایەنە، هەروەها کولتووری و مرۆڤایەتی و نیشتمانییە، کاردەکات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفکردنی ژیان و خەباتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی."
ژیاننامەی مام جەلال:
- جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە.
- ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە.
- مام جەلال لە ناوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
- لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
- ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە.
- ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕاوە و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردووە.
- لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن دەکەوێتەوە و ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێئاکام دەبن.
لە هەرسێ کۆنگرەکەی یەکەمی یەکێتی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوەتەوە.
- لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بووە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
- لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) و بۆ خولێکیش سەرۆکی ئەو جڤاتە بووە. هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
- رۆژی 6ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو.
- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق.
- لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.