مەروان گەڵاڵی: كاك مەسعود بارزانی ئەمر بفەرمێت‌ پەرلەمان كارا دەبێتەوە

رووداو- هەولێر

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ رایدەگەیێنێت "بارزانی ئەمر بفەرمێ‌ پەرلەمان كارا دەبێتەوە". پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش دەڵێ‌:" کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی تەواو بووە."


رۆژی چوارشەممە 12-10-2016 ساڵێكی تەواو بەسەر لەكارخستنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت.

مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند‌: "ئەگەر كاك مەسعود بارزانی ئەمر بفەرمێت‌ پەرلەمان كارا دەبێتەوە، جەنابیان داوا بكەن ئەو بەربەستەی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دروستكراوە نەمێنێت و پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی دەكاتەوە".

مەروان گەڵاڵی گوتیشی:" ئەولەویەت لەلای كۆمەڵ كۆبوونەوەی پەرلەمانە لە هەولێر، چونكە پایتەختی سیاسی و ئیداری هەرێمەكەمانە ئەگەریش هەر نەكرا ئەوا وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵ ئامادەین بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بكەین لە هەر شوێنێك بێت".

بیستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشنازم كردووە سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆن و پەرلەمانتارەكان بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان و میدیاكان بگەڕێتەوە هەولێر كێ‌ دەڵێ‌ پارتی رێگری لێدەكات؟ با ئێمە هەوڵی خۆمان بدەین ئەگەر هیچ چارەسەر نەبوو ئەو كات دەكرێت لە شوێنێكی دیكە كۆببینەوە".

لە بارەی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە شاری كەركووك، بیستوون فایەق دەڵێت‌:" پێشنیازەكان زۆرن، بەڵام ئێمە دەبێت یەكەمجار هەوڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە پایتەخت بدەین، دەبێت برادەرانی پارتی تێبگەن كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نییە ،ئەو بابەتە تەوابوو ئێمە نەمانتوانی رێژەی یاسایی تەواو بكەین پارتیش دووچاری چەقین بووە، هەر دوولامان نەمانتوانی كارەكانمان بكەین كەواتە كۆبوونەوە لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵكە".

لە رۆژی دووشەممە 12-10-2015 پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بازگەی پردێی نزیك هەولێر رێگری لە  یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمان كرد بگەڕێتەوە سەر كارەكەی لە هەولێر و لەدوای ئەو رووداوە پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر کۆنەبووەتەوە.