رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی سنووری پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 10 کەس کوژراون و 60 بریندار هەن، هەروەها بەشێک لە خۆپێشاندەران دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراون.
لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات هەریەکە لە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداری بەرنامەکەیان کرد و باسی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و دۆخی خۆپێشاندانەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
"لێکتێگەیشتنێکی باش لەگەڵ بەغدا هەیە"
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کاتی بەشدارییکردنی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، شاندی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ماوەیەکی زۆرە سەردانی بەغدا دەکات و بەلای هەرێمی کوردستانیشەوە گرنگ بووە ئەو رێککەوتنە بکرێت، چونکە لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە پێویستمان بە هەماهەنگی بەغدا هەیە و دەشڵێت "شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوەی چڕ و پڕیان کردووە و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، "تاوەکو ئێستا رووننەکراوەتەوە کە وردەکاریی رێککەوتنەکە چۆنە، بەڵام بەپێی دەستوور رێککەوتنەکە دەکرێت ئەمەش بۆ ئەوەیە ببێتە بنەمایەک بۆ بودجەی ساڵی 2021 و بتوانرێت هەرێمی کوردستان پشکی خۆی پارێزراوبێت."
"گەشبینین بە کۆبوونەوەکان"
هەروەها ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئەوەی کاک زیاد باسی کرد گەشبینین بەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی داوە، بەڵام دەمێکە ناحەقی دەرهەحەق بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەلایەن بەغداوە. بۆیە دڵنیاین کە لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە دووجۆرە سیاسەت لەنێو حکومەتی عێراق پەیڕەودەکرێت و دەڵێت "ئێستا دوو جۆرە سیاسەت هەیە سیاسەتی حکومەت و دامەزراوەکانی و سیاسەتی پەرلەمان، بۆیە کەس ناتوانێت گەرەنتی ئەوەبداتە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەگەر بکەوینە رێککەوتنیش هێشتا مەترسی دەمێنێت. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ باسکراوە کە رێککەوتن کراوە و نیەتی باش هەیە، ئێمەش هیواخوازین و هیوادارین سبەی ببێتە کردار."
"حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە نیەتی رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا هەبووە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەدا "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیی هەبووە لەبارەی نەوتەوە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات. ئەمەش بۆ ئەوەی موستەحەقاتەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکات." دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان پلانمان هەبووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەرمی زۆری نواندووە بەرامبەر بەغدا، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیانە داوای مووچەکانیان بکەن و دەشزانین کە ستەم لە خەڵکی کوردستان کراوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ترسێک کە هەمانە لە رێککەوتنەکان چاوەڕوانی نا سەقامگیری زیاتر لە عێراق دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو رایدەگەیێنێت "ئەو نیەتەی لە بەغدا هەیە ئەوەیە کە نایهەوێت هەرێمی کوردستان سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. ئەو دۆخەش لە دوای ساڵی 2003ـوە هاتووەتە ئاراوە. بۆیە مەترسی هەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بکرێتە کارتێکی هەڵبژاردن. بۆیە لە عێراق دۆخێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە و عێراقییەکان نایانەوێت بڕیار بدەن."
سەبارەت بە رەخنەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە دەڵێن "پەرلەمان ئیرادەی ئەوەی نییە دانیشتنێک لەسەر مووچە بکات" ئومێد خۆشناو دەڵێت "ئەگەر بێت و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەو قسانە نەکەن ئۆپۆزیسیۆن نین. بۆیە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ئەوەی نەداوە کۆبوونەوەکانی رابگرێت، کۆبوونەوەش کراوە لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو کۆبوونەوەی ئەوان دەیانەوێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و خۆیان وەک پاڵەوان پیشان بدەن. بۆیە نایشارینە و شەرمیش لە کەس ناکەین کە ئەو جۆرە کۆبوونەوانەی لە ماوەی رابردوو داوایان کرد و کردیان نا دەستووریی و نا لۆژیکییە."
"بە لایکی فەیسبووک و سێڵفی کێشەی مووچە چارەسەر نابێت"
ئومێد خۆشناو دەشڵێت "فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و پارتی پێداگربوون لەسەر ئەوەی کە لەنێو پەرلەمان باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەوەی لەنێو پەرلەمانی کوردستان روویدا تەنیا شێواندنی کۆبوونەوە بوو ئەوانیش ئامانجیان ئەوەبوو کە بڵێن 'کۆبوونەوەکە دەشێوێنین و لایکی فەیسبووک زیاد دەکەین و سناپچات دەهێنینە نێو پەرلەمان و سێڵفی دەگرین'. "بۆیە بەمشێوەیە کێشەی مووچە چارەسەر نابێت."
"لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە 10 کەس شەهیدبوون و 60 کەس بریندارن"
گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو گەنجانە دادەنەوێنم کە بوونە قوربانی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی، دەتوانم بڵێم کە 10 کەس شەهیدبوون و 60 کەس بریندارن. هێشتاش چەند کەسێک ماون لەنێو زیندانەکان ماون و راگیراون و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراون."
"دەکرێت پەرلەمانتاران شەڕی شەقام ببەنە پەرلەمان"
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات "ناکرێت لە دۆخێکی ئاوادا کە هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە و خەڵک رژاوەتە سەر شەقامەکان کۆبوونەوە نەکرێت و بڵێین لەبەرئەوەی ئۆپۆزیسیۆن وا دەکات. بۆیە دەکرێت سەرجەم فراکسیۆنەکان لیژنە بۆ کێشەکان پێکبهێنین".
دەشڵێت "لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵی زۆرم داوە کە پەرلەمانتاران شەڕی شەقام ببنە نێو پەرلەمان و حکومەت پابەند بکرێت بە داواکاری مافەکانی خەڵک. بۆیە حکومەت تەنیا بیر لەوە نەکاتەوە کە عێراق پارە نانێرێت. بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی هەبێت."
"هەندێک لە پەرلەمانتاران خۆپێشاندانەکان بۆ موزایەدە بەکاردێنن"
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەوەی کە بۆچی هەماهەنگی نییە لەنێوان فراکسیۆنەکان بۆ کۆبوونەوەیان لەبارەی مووچەی هاووڵاتیان؟ گوتی " کەمی مووچە ژیانی خەڵکی گرانکردووە، بۆیە لەم کاتە کە خەڵک دێتە سەر شەقام حەقی خۆیەتی، بەڵام هەمووان دەزانین کە لە چەند رۆژی رابردوودا خۆپێشاندانەکان بە لاڕێدا بران و ئامانجی پیرۆزی خۆپێشاندەرانیش ونکراوە، هەروەها لەنێو خۆپێشاندانەکان گێرەشێوێنی و سووتاندنی بارەگاکان و هەروەها دەشبینین هەندێک لە پەرلەمانتاران خۆپێشاندانەکان بۆ موزایەدە باکردێنن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "حکومەتی هەرێمی کوردستان بیانوی ئەوەی هەیە کە پشکی هەرێمی کوردستان بە چەند قۆناخێکی جیاوازدا تێپەڕیوە. ئێمەش چەندین پرسیارمان رووبەڕووی حکومەت کردووەتەوە. بۆیە ئومێد دەکەین کە ئەو رێککەوتنە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و دواتر ئێمەش گفتوگۆی زیاتر بکەین."
زیاد جەبار دەشڵێت "ئێستا تووندووتیژی لە شەقامی هەرێمی کوردستان هەیە، دامودەزگا دەسووتێندرێت و خەڵک شەهید دەبێت و شوێنی کاری خەڵک پەلامار دەدرێت، ئێمە داوامان نەکردووە کۆبوونەوە نەکرێت لەبارەی کێشەی فەرمانبەران و مووچە خۆران و داواشمان نەکردووە کە بکرێت، بەڵام ئەگەر پەرلەمان داوا بکات بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوە دەکەین. بەڵام دانیشتنی پەرلەمان ئێستا گرژی دروست دەکات."
" کۆبوونەوەی پەرلەمان رێوشوێنی خۆی هەیە و دەرگای پەرلەمانیش دانەخراوە"
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دۆخی خۆپێشاندانەکان و داوای مافی خەڵک دەڵێت "وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ خواستی رەوای خەڵکی کوردستانداین، بەڵام لەگەڵ ئەو شتانەیشین لە بەغدا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان دەکرێت. من نوێنەری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نیم و ئەو داواکارییە سەرپێیانەش رەوا نین کە ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان. بۆیە ئێمە لەسەر مووچەی فەرمابەران کۆدەبینە و دەرگای پەرلەمانیش دانەخراوە، بەڵام دەبێت بزانین کە شاندی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون یان نا، هێشتا ئێمە نازانین ئەوان رێککەوتوون یان نا."
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، گوڵیستان سەعید دوو داواکاریی هەبوو و گوتی "پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکی باش بکەن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن، هەروەها داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکەین کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ئەم دۆخەوە بکات."
هەروەها زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند "من ناتوانم لەبری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەم، کۆبوونەوەی بەپەلەش ئەگەر راپۆرتێک ئامادەنەکرابێت بۆچی بکرێت باشە."
ئومێد خۆشناویش لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی "سێ هێزی بەشدار (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) گوێمان لێدەگرێت و داواش دەکەین کە پەرلەمان نەک تەنیا کۆبوونەوەیەک بەڵکو 100 کۆبوونەوە بۆ باشترکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ