ئاگرەکەی ماڵی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراوی هەولێر ژنێک کردوویەتییەوە کە "کێشەی دەروونی هەبووە"


رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 91 ئافرەت لە چوار ماڵی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو (شێڵتەرەکان)ن کە وەزارەتەکەیان سەرپەرشتیان دەکەن و دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەی دەروونییەوە هەندێک جار ئەو ئافرەتانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە دەنێردرێنە ئەو شوێنانە." 
 
رۆژی دووشەممە 12-12-2022، زەکیە ساڵح، بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەت سەرپەرشتی چوار ماڵی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەکات، کە ئەمەی دوایی 72 کاژێرییە، واتە بۆ 72 کاژێر ئافرەتان وەردەگرن و دواتر یان کێشەکانیان چارەسەر دەبن یان رەوانەی سلێمانی دەکرێن، کۆی گشتی ئەو ئافرەتانەشی لەو ماڵانەدان 91 ئافرەتن." 
 
رۆژی یەکشەممە، ئاگر لە ماڵی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە هەولێر کەوتەوە، بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی ئاگرەکە گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر سەردانی ئەو ماڵەمان کرد، بەداخەوە رووداوی ئاگرەكە لە لایەن ژنێكەوە کراوە كە كێشەی دەروونی هەبووە." گوتیشی: "پێشتر ئەو ئافرەتە بە بڕیاری دادگا نێردراوە بۆ ئەو ماڵە، هەرچەندە بەپێی رێنماییەكان نابێت ئەو ئافرەتە لەو ماڵە بێت."        
 
هەروەها ئاماژەی بۆ کێشەی ئەو کەسانەش کرد، کە بەناچاری لەلایەن دادوەرەکانەوە دەنێردرێنە ئەو شوێنانە، بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشیی دەروونیان هەیە و گوتی: "ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی داد، داواکاری گشتی و دادوەرە بەڕێزەکان لە رێنماییەکانی شێڵتەر ئاگادار کراونەتەوە، کە نابێت ئەو ئافرەتانەی نەخۆشیی دەروونیان هەیە رەوانەی شێڵتەرەکانی ئافرەتان بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار دادوەرەکان ئەو نەخۆشانە بۆ شێڵتەرەکان دەنێرن."