گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان لە 70 گەشتەوە بۆ 15 گەشت کەمبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان لە 70 گەشتی هەفتانەوە بۆ 15 گەشت کەم بوونەتەوە. پەیوەندییەکانی ئەو فڕۆکەخانەیەش دەڵێت، بە سەرنجدان بە زۆریی خواست لەسەر گەشتکردن لەم فڕۆکەخانەیەوە، کەمبوونەوەی گەشتەکان کێشەی دروست کردووە.
فڕۆکەخانەی کرماشان نزیکەی 10 مانگە نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام موجتەبا بەیاتی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی شاری کرماشان، دەڵێت: "کەمبوونەوەی گەشتەکان پەیوەندیی بە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەوە نییە."
بەگوتەی موجتەبا بەیاتی، ئێستا لە ماوەی هەفتەیەکدا 15 گەشت لە فڕۆکەخانەی کرماشانەوە دەکرێت، بەڵام پێشتر هەفتانە 70 گەشتی هەبووە و گەورەترین فڕۆکەخانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کرماشان ئاماژە بەوە دەکات: "فڕۆکەخانەی کرماشان بۆ گەشتی شەوانە و گەشتە فڕۆکە گەورەکان کێشەی هەیە، بەڵام بۆ فڕۆکەکانی دیکە کێشەی نییە و توانای دابینکردنی خزمەتگوزاریی هەیە."
بەگوتەی موجتەبا بەیاتی، نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی کرماشان هاوینی ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.
ساڵی پار لە فڕۆکەخانەی کرماشانەوە نزیکەی 271 هەزار کەس گەشتیان کردووە و 2 هەزارو 970 گەشت بۆ شارەکانی تاران، مەشهەد، کیش، شیراز و عەسەلویە کراوە.
فڕۆکەخانەی کرماشان ساڵی 1971 دروستکراوە و خەڵکی پارێزگاکانی دەوروبەری کرماشانیش کەڵکیان لێوەرگرتووە. بەڵام ئێستا بەهۆی نۆژەنکردنەوەی تەنیا کەڵک لە 20٪ تواناکانی وەردەگیرێت.