دوو هاووڵاتی پرۆژەیەكی 600 مێگاواتی كارەبا رادەگرن
رووداو- هەولێر
بەهۆی هەڕەشە لێكردنییەوە لەلایەن دوو كەسەوە، كۆمپانیایەكی توركی ناچار دەبێت كاركردن لە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە شاری هەولێر رابگرێت و كرێكارەكانی بنێرێتەوە ماڵەوە، پۆلیسیش ئەو دوو كەسە دەستگیر دەكات.
كۆمپانیای پوسوی كۆری لە رێگەی كۆمپانیای گامای توركییەوە، كار لە دروستكردنی پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی 600 مێگاوات لە سنووری قەزای خەبات دەكات، بەڵام لەلایەن دوو دانیشتووی گوندێكی گردەڕەشەی قەزاكە كێشەیان بۆ دروست دەكرێ و ناچار دەبن كارەكانیان رابگرن.
رزگار مستەفا، قایمقامی قەزای خەبات بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی گرنگە و قۆناغی یەكەمی 300 مێگاواتە و كاری تێدا دەكرا، نزیكەی 1700 كرێكار كاریان تێدا دەكرد، بەڵام بەهۆی كێشەی دوو هاووڵاتی گوندی گردەڕەشە لەگەڵ كۆمپانیاكە، كارەكانیان راگرتووە و كرێكارەكانیشیان ناردووەتەوە ماڵەوە. گوتیشی "هەفتەی رابردوو ئەو دوو هاووڵاتییە هێرشیان كردووەتە سەر كۆمپانیاكە".
بە گوتەی رزگار مستەفا، ئەو دوو كەسە هەر لە سەرەتاوە كێشەیان بۆ كۆمپانیاكە دروستكردووەو داوایان كردووە خۆیان كار لە كۆمپانیاكەدا بكەن و هەر ئەوانیش كرێكار بۆ كۆمپانیاكە دابین بكەن، كۆمپانیاكە بە داواكارییەكەیان رازی بووە و چەندین كرێكار و كارمەندی بۆ دامەزراندوون.
رزگار مستەفا گوتی "ئەو دوو كەسە (ح و خ) كۆمپانیایەكیان دامەزراندبوو كاریان بۆ كۆمپانیای گاما دەكرد، بەڵام چەندین كێشەیان بۆ كۆمپانیاكە دروست كرد". گوتیشی "كۆمپانیای گاما سكاڵای لەسەر ئەو دوو كەسە لە دادگای خەبات تۆمار كردووە، بە تۆمەتی ئەوەی پارەیان لە كۆمپانیاكە وەرگرتووە، ئێستا هەردووكیان دەستگیركراون".
رزگار مستەفا دەڵێت ئەو دوو كەسە بە مەنتقی هێز هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كۆمپانیاكە دەكرد، دواجار تەقەیان لە كۆمپانیاكە كردبوو، بۆیە كۆمپانیاكە كارەكەی راگرت. گوتیشی "تەنانەت پۆلیسی ناوچەكەش دەرەقەتی ئەوان نەدەهات، دوای سكاڵای كۆمپانیاكە هێزێكی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ هاتن و ئەو دوو كەسەیان دەستگیركرد".
حەسەن عەلی بابۆ موختاری گوندی گردەڕەشە كە ئامۆزای (ح و خ)یە، گوتی "ئەو دوو كەسە لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان زیانیان بە بەرژەوەندیی گشتی گەیاندووە، چونكە بەهۆی ئەوانەوە پرۆژەیەكی 600 مێگاواتی راگیراوە".
حەسەن عەلی ئاشكرای كرد كە "(ح) هێرشی كردووەتە سەر بەڕێوەبەری كۆمپانیای گاما و بە زللە لێیداوە، هەروەها جامی ئۆتۆمبێلەكەشی شكاندووە، ئەوەش هەمووی بە بیانووی ئەوەی كۆمپانیاكە مافی ئەوانی خواردووە، بەڵام من ئاگادارم نزیكەی 6 ملیۆن دۆلاریان بەنێوی بەڵێندەرایەتی وەرگرتووە. 16 كەسی نزیكی خۆی لە كۆمپانیاكە دامەزراندبوو، دەیانویست هەموو دەسەڵاتێكیان لە كۆمپانیاكەدا هەبێ، بە كەیفی خۆیان خەڵك دەربكەن و دابمەزرێنن".
بە گوتەی حەسەن، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كرێكار كردووە و چەندین ئۆتۆمبێلیشی بەكرێ گرتبوو، بەهۆی ئەو كێشەیەوە ئێستا كرێكارەكان بەبێ ئیش ماونەتەوە.
پرۆژەكە لەسەر زەوی 16 جوتیاری گوندەكە دروستكراوە، حەسەن دەڵێت هەر 16 جوتیارەكە قەرەبوویان وەرگرتووە.
بەڵام هاووڵاتیانی گوندەكە قسەی خۆیان هەیە و دەڵێن كۆمپانیاكە غەدری لێكردوون. بەدرەدین سەعید كە گەنجێكی گوندەیەكە و لە دووكانێكی گوندەكە دۆمینەی دەكرد، گوتی "من شوفێری شۆفڵی كۆمپانیاكەی (ح.خ) بووم، بەڵام چەند مانگێكە پارەم وەرنەگرتووە، لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكە پارەی نەداوین، بۆیە ئێمەش خۆپیشاندانمان كرد و چووینە بەردەم كۆمپانیاكە و داوای پارەی خۆمان كرد و كاك (ح)یش بە كۆمپانیاكەی گوت نابێت كار بكەن تاوەكو پارەی ئێمە نەدەن، بەڵام ئەوان تەقەیان لێكردین و كارمەندە توركەكانیش بە ئێمەیان گوت نابێت كرێكاری كورد لەم كۆمپانیایە كار بكات".