مامۆستای سەربازیی موعەمەر قەزافی لە زاخۆ دەژیت

رووداو- زاخۆ

موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووی لیبیا، لەسەر دەستی مامۆستایەكی كورد، وانەی سەربازی خوێندووە. ئەو مامۆستا كوردە ئێستا لە زاخۆ نیشتەجێیە.

محەممەد كەریم محەممەدئەمین، ساڵی 1927 لەدایك بووە و خەڵكی كەركووكە، لە تەمەنی 21 ساڵیدا پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە كردووە. دواتر لە ساڵی 1956 لە كۆلیژی رۆستەمیە كە كۆنترین كۆلیژی سەربازییە لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و لە 1924 دامەزراوە، دەبێتە راهێنەر و مەشقی سەربازی دەڵێتەوە.

محەممەد كەریم كە ئێستا لە زاخۆ دەژی، باسی ئەو رۆژانە دەكات كە لە كۆلێژی رۆستەمییە وانەی گوتووەتەوە، بە تایبەتی یادەوەرییەكانی لەگەڵ قوتابیانی وڵاتانی عەرەبی.

محەممەد كەریم گوتی "ساڵێكیان، 40 قوتابی كە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵانەوە بوو، خەڵكی وڵاتانی عەرەبی  بوون، لە كۆلێژی رۆستەمییە لە بەغدا وەرگیران، چونكە ئەو سەردەمە عێراق لەڕووی سەربازییەوە پێشكەوتوو بوو. یەكێك لەو قوتابییانە موعەمەر قەزافی بوو. هەر كەسێك لەو كۆلیژە دەرچووبایە، بڕوانامەی بكالۆریۆسی لە زانستی سەربازی پێ دەبەخشرا".

لە نێو سەرجەم ئەو قوتابیانەی محەممەد كەریم وانەی پێ گوتوون. زۆر پەسنی قەزافی دەدات و دەڵێت "پیاوێكی بەهێز بوو. لە هەموو قوتابییەكانی دیكە قسەزانتر بوو، قسەكانیشی لە جێگەی خۆیدا بوون".  ئەو زیاتر لەبارەی قەزافییەوە قسە دەكات و دەڵێت "قەزافی ئەگەر شتێكی بە دڵ نەبووایە زۆر تووڕە دەبوو، هەر شتێكی مامۆستاكانی بە دڵ نەبووایە بە قسەی نەدەكردن. لەنێو مامۆستاكانیشدا زۆرتر پەیوەندی لەگەڵ من هەبوو".

لەو كۆلیژە 20 مامۆستا لە پسپۆڕێتی جیاواز وانەیان گوتووەتەوە، تەنیا محەممەد كەریم كورد بووە. ئەو دەڵێت "لە خولەكەدا قەزافی بە پلەی ملازمی یەكەم دەرچوو، ئەو تەنیا نەبوو لە لیبیا، بەڵكو ئامۆزایەكی قەزافیش بە ناوی خەلیفە لەو كۆلێژە دەیخوێند و لەگەڵ قەزافی پێكەوە لە یەك خول دەرچوون".

جگە لە قەزافی، هەر یەك لە حوسنی موبارەك، سەرۆكی پێشووتری میسر، عومەر حەسەن ئەلبەشیر، سەرۆكی سودان، دەرچووی كۆلیژی رۆستەمیەن لە بەغدا.

موعەمەر محەممەد عەبدولسەلام قەزافی، 42 ساڵ حوكمی لیبیای كرد، ساڵی 1969 لە رێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە بووە سەرۆكی ئەو وڵاتە و ساڵی 2011 گەلی لیبیا لە دژی دەسەڵاتەكەی قەزافی راپەڕین، دوای ئەوەی قەزافیان بە دیل گرت، كوشتیان.

ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم قەزافی هاوكاریی شۆڕشی كورد و مافەكانی گەلی كوردی كردووە. محەممەد كەریم باسی هەندێ هەڵوێستی قەزافی دەكات لەو كاتەی كە قوتابی بووە لە كۆلیژی رۆستەمیە "زۆرجار قوتابییە عەرەبەكان دەهاتنە لای من و دەیانگوت قەزافی لە لیبیاوە هاتووە و بە ئێمە دەڵێت كورد نەتەوەیەكن لەلایەن عەرەبەوە مافەكانیان زەوت كراوە، دەبێ‌ مافەكانیان بدرێتەوە. نەمدەزانی بۆچی هێندە لە خەمی گەلی كورددایە، چونكە قەت ئەو بابەتەم لەگەڵ باس نەكرد".

قەزافی ئێستاش لە دڵی مامۆستا كوردەكەیدا ماوە. محەممەد دەڵێت "قەزافی پیاوێكی گەورە بوو، زۆر خەفەتم خوارد كە لە دەسەڵات نەما، بە شێوەیەكی نامرۆڤانە كوشتیان. جاری واهەیە كە بیری لێدەكەمەوە خەوم لێ ناكەوێ".

محەممەد كەریم ئێستا تەمەنی 89 ساڵە و 13 منداڵی هەیە، بەهۆی ئەوەی هاوژینی دووەمی خەڵكی زاخۆیە، ئێستا لە زاخۆ دەژیت. هاوژینی یەكەمی خەڵكی كەركووك بووە.

رەمزیە سەعید، 69 ساڵ كە هاوژینی محەممەد كەریمە، دەڵێ "محەممەد زۆر جار باسی یادەوەرییەكانی خۆی لەگەڵ قەزافی دەكات، زۆر سەرسامە بە قەزافی، هەر بەو هۆیەش زۆر خەمی لە كوشتنی خوارد".