پەرلەمانتارێک: ئەو بڕەی بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دەستنیشاندەکرێت لە 50% زۆر کەمترە

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دڵنیایی ئەوە دەداتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کە بە هیچ شێوەیەک مینحەکانیان نابڕدرێت و دەڵێت، ئەو بڕەی ئەمڕۆ بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران دەستنیشاندەکرێت لە 50% زۆر کەمترە.
 
زانا مەلا خالد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 12-01-2020 گفتوگۆ لەسەر زۆربەی ماددەکان کرا، ئەوەی ماوەتەوە پەنا بە خودا لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەین و هەوڵدەدەین کۆی پرۆژەیاسایەکە تەواوبکرێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی ئاییندەدا بخرێتە دەنگدان و ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەربچێت، کە دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان.
 
زانا مەلا خالد دەڵێت "ئەو ماددانەی دوێنێ گفتوگۆیان لەسەر کرا، ماددەی زۆر گرنگ بوون، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو کۆدەنگییەک هەبوو لەنێو هۆڵی پەرلەمان لەنێوان فراکسیۆنە جیاوازەکان و زۆربەمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە نابێت ئیمتیازاتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کەمبکرێتەوە، نابێت مینحەی زیندانیانی سیاسی ببڕدرێت، ئەمانە هەموو گرەنتی کراون لە دەقی یاسایەکەدا، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی پەرلەمان کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، کە گوایە ئێمە دەمانەوێت بە یاسا ئەو مینحانە ببڕین، بەڵام بە پێچەوانەوە دڵنیایی دەدەینە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بە هیچ شێوەیەک مینحەکانیان نابڕدرێت".
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "ئەمڕۆ گفتوگۆی تێر و تەسەل دەکەین لەسەر خانەنشینی و دەرماڵەی فەرمانبەران و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە ماون. لەسەر خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکانیش، هیچ بڕێک دەستنیشان نەکراوە و ئەمڕۆ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ خانەنشینی 50% نین کە بڕێکی زۆرە و دەمانەوێت بڕێکی زۆرتر بۆ حکومەت بگەڕێتەوە تاوەکو خانەنشینی فەرمانبەران و پێشمەرگە و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدانی پێ زیاد بکەین".
 
زانا مەلا خالد ئاماژە بەوە دەدات، کە پێویست ناکات "ئێمەی پەرلەمانتاران بە شەش ملیۆن دینار خانەنشین بکرێین، بە دڵنیاییەوە مووچەکان دێتە ئەو ئاستەی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە ئەو بڕەی ئەمڕۆ دیاریدەکرێت لە 50% زۆر کەمترە".