لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئێلیهـ سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە درەنگی شەوی دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 لەسەر رێگەی باشوور لە نزیک شارۆچکەی سێگرکا روویدا.
دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و بەهۆی رووداوەکەوە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕان.
دوای ئاگادارکردنەوەیان ژمارەیەکی زۆر تیمی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و تیمی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
لە پشکنینەکاندا دەرکەوت، هەریەک لە ئەحمەد کایا، سەرهات ئاتاجا و باران دەمیرهان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. بریندارەکان لەلایەن تیمەکانەوە بە ئەمبوڵانس گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە ساڵی 2025ـدا 676 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمارکراون. لە ئەنجامی ئەو رووداوانەدا، دوو هەزار و 541 کەس گیانیان لەدەستداوە و 407 هەزار و 352 کەسیش بریندار بوون.