سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆر خرانە بەر باس، "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری".
"لای خۆیەوە، بەڕێز جۆناسان پاوڵ پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی ههرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا"، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.