لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێلدا لە بەسرە گەنجێکی خەڵکی کەرکووک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە کاتی پێشبڕکێیەک لە پارێزگای بەسرەی خوارووی عێراق، گەنجێکی کورد کە خەڵکی کەرکووکە گیانی لەدەستدا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی هەینی، 13ـی شوباتی 2026، بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە بەسرە روویداوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، قوربانییەکە گەنجێکی کوردە و دانیشتووی شاری کەرکووکە.
 
وەک بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە دەڵێ، 10 کەسی دیکە بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی بەشێکیان "ناجێگیرە".
 
ئەو ڤیدیۆیانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دەریدەخەن ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوە، ستوونێکی کارەبا بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا کەوتووە و خوێن لە سەر زەوییەکە دەبینرێ.
 
خەڵکێکی زۆر کە بۆ بینینی پێشبڕکێكە کۆببوونەوە و لە کاتی رووداوەکەدا هەوڵ دەدەن ستوونەکە لەسەر ئۆتۆمبێلەکە لابدەن.
 
تیمەکانی فریاکەوتنی بەسرە چوونە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.
 
ساڵی پار لە هەمان پێشبڕکێدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.