نێچیرڤان بارزانی گەیشتە شوێنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمێک لەمەوبەر گەیشتە شوێنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
 
دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ بەشداری لە 62ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
 
کۆنفرانسەکە لە 13 تاوەکو 15ی شوبات بەردەوام دەبێت، یەکێکە لە گرنگترین کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی جیهانی.
 
 
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک دیدار لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەم ئامادەبوونە لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆر، دۆخی ناسکی عێراق و گواستنەوەی هەزاران گیراوی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق".
 
ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە بە بەشداری 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی 150 وڵات بەڕێوەدەچێت. لەنێو بەشداربوواندا سەرکردە باڵاکانی وەک ئیمانوێل ماکرۆن، کیەر ستامەر، مارکۆ روبیۆ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و سکرتێری ناتۆ هەن.
 
کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی "ترانس ئەتڵانتیک" و کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەسەر سیستمی جیهانییەوە زیادیان کردووە. سەرکردەکان هەوڵ دەدەن رێگەچارە بۆ ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ئۆکراینا بدۆزنەوە لە ژێر تیشکی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە جیهانیان گرتووەتەوە.