بوومەلەرزەیەک لە قەسری شیرین روویدا و گەرمیانی لەراندەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لەناوچەی قەسر شیرین لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا و خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە کەلار و ناوچەی گەرمیان هەستییان پێکرد، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی دەڵێت: "بوومەلەرزەکە لەهەندێک ناوچە لەرینەوەی دروستکردووە، بەڵام زیانی نەبووە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئاداری 2022، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی، لەبارەی ئەو لەرینەوەی خەڵک لە پارێزگای سلێمانی هەستیان پێکردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 1:56ی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری سیتەک بوومەلەرزەیەک روویداوە، هەروەها کاژێر 04:08 خولەکی بەیانی بوومەرزەیەکی دیکە لەناوچەی قەسر شیرین لەدیوی ئێران بەگوڕی 3.7 پلە بەپێوەری ریختەر روویداوە بەقوڵی 20 کیلۆمەتر و دووری 27 کیلۆمەتر لە خانەقینەوە بووە".
ئاسۆ کەمال، گوتیشی: "بوومەلەرزە لەو ناوچانەدا زۆرن و بەهۆی بەریەککەوتنی هەردوو پلێتی عەرەبی و ئۆراسیایی".
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئاداری 2022 زانیاری لەبارەی بوومەرزەکەوە ئاشکراکرد و رایگەیاندووە گوڕەکەی 3.7 پلەبووە بە پێوەری ریختەر.