لە دەربەندیخان دوو کەس لەکاتی دزیدا گیران و مادەی هۆشبەریشیان پێبووە


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی دوو کەسی لەکاتی دزیدا راگەیاند و دەڵێت، "دوای پشکنین، دەرکەوتووە مادەی هۆشبەریشیان پێیە."
 
چوارشەممە، 13-03-2024، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان، دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد و دەستگیرا بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەردا."
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، دوو تۆمەتبارەکە لە نزیک تونێلی دەربەندیخان سەرقاڵی لێكردنەوە و دزینی پارچەی ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگربوون. 
 
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەکان لەلایەن پۆلیسەوە، "دەستگیرا بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ و ئۆتۆمبێلی تۆمەتباران."
 
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارەکان ناویان (ح. أ. ر) و (ب. ش. م) بووە. ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.