هێرش کرایە سەر بنکەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران؛ 2 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەڵێ،بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی پێشمەرگە و زیانی گیانی هەبووە. 
 
رۆژی هەینی، 13-3-2026، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی هێرشی درۆنی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرایە سەر یەکێک لە بنکەکانی هێزی پێشمەرگە لە بەرزاییەکانی باشیک.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی ئیقباڵ ساڵحی، خەڵکی شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و فەخرەدین مورادی، خەڵکی شاری سنە گیانیان لەدەستدا. 
 
هەر لە هێرشەکەدا 4 پێشمەرگەی دیکە بریندار بوون. 
 
هێرشەکە لە کاتێکدایە، لە 28ی مانگی رابردووەوە کە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە، چەندینجار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو کاژێر 16:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئادار، هەرێمی کوردستان بە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لەو ژمارەیە 247 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون، 41 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون؛ هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەدا چوار درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کران.
 
بەشێک لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج کەمپەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و لە ئەنجامیشدا ژمارەیەک هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.