نێوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن لەبارەی هێرشەکەی سنووری مەخموور


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردووی سنووری مەخمووری بۆ سەر سەربازگەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەکانی فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فەرەنسی گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون."
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ، هەینی بووە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکوومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی.
 
شەوی رابردوو بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر میحوەری شەشی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، سەربازێکی پلەداری فەرەنسا گیانی لەدەستدا و شەش سەربازی دیکە برینداربوون.
 
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، "پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگەگرتن لە هێرشی ئەو گرووپانە و سزادانیان، تاوەکو چی دیکە بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: سەرۆک ماکرۆن، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و هاوخەمیی نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەیان بووە. تێیدا وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە."