بەرپرسیاری رەمەزان؛ دوو خێرخواز بەڵێنی هاوکاریکردنی خێزانێکی کەم دەرامەت دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
کافیە عومەر، ژنێکی دانیشتووی گوندێکی سنووری قەزای کەسنەزانە لە پارێزگای هەولێر کە لەگەڵ سێ کوڕیدا لە خانوویەکی کرێی 80 مەتریدا ژیانێکی سەخت بەڕێدەکات. دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی، کافیە ئەرکی بەخێوکردنی سێ کوڕی کەوتووەتە ئەستۆ، کە دووانیان بە رێژەی 100% خاوەن پێداویستیی تایبەتن و بەردەوام تووندوتیژی بەرامبەر یەکدی و دایکیان دەکەن.
کافیە عومەر بە گریانەوە لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی نەهامەتییەکانی کرد و گوتی: "کامەران ئازادی 19 ساڵ و کارمەندی 25 ساڵ، هەردووکیان بیرکۆڵ و شەلەل دەماخن. بەردەوام لە ماڵەوە شەڕ دەکەن و هەموو کەلوپەلێکیان شکاندووە، هیچم نەماوە. ناتوانم کۆنترۆڵیان بکەم و ناچارم بانگی دراوسێ بکەم تاوەکو لە یەکدییان جیا دەکەنەوە."
ئەو دایکە باس لەوە دەکات کە کوڕەکانی داواکاریی زۆریان هەیە و کاتێک پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکرێ، زیانی پێدەگەیەنن. کافیە دەڵێت: "رۆژانە بۆ هەر یەکێکیان 9 حەب بەکاردەهێنم تاوەکو ئارام ببنەوە. ئەگەر حەبیان نەدەمێ، دەمکوژن. حەبەکانی نەخۆشخانە بێهێزن و ناچارم لە دەرەوە بیانکڕم کە نرخیشیان گرانە."
سەرچاوەی داهاتی ئەم خێزانە تەنیا مووچەی 150 هەزار دیناریی کەمئەندامیی دوو کوڕەکەیە، لە کاتێکدا مانگانە 100 هەزار دینار بۆ کرێی خانووەکەیان و 100 هەزار دیناریش بۆ کرێی ئەو دووکانە دەدەن کە کوڕە بچووکەکەی کاری تێدا دەکات.
پەیوەند، کوڕە 16 ساڵانەکەی کافیە، بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی خێزانەکەی. ئەو هاونیشتمانییە لە دووکانێکی بچووکدا جلی کۆنە دەفرۆشێت و دەڵێت: "فرۆشی رۆژانەم ناگاتە 10 هەزار دینار، کە قازانجەکەی لە 3 هەزار دینار کەمترە. کاتێک براکانم شەڕ دەکەن، دایکم هانام بۆ دێنێت، چونکە دراوسێکان دەترسن لێیان نزیک ببنەوە."
دۆخی ئەم خێزانە ئەوەندە خراپە کە لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن. کافیە دەڵێت: "بەفرگر، جلشۆر، تەلەڤزیۆن و تەنانەت خۆراکیشم لە ماڵەوە نییە. ئاوی خواردنەوەمان نییە و بە تەنکەر دەیکڕین." جگە لە هەژاری، کافیە بڕی دوو ملیۆن دیناریش قەرزدارە کە بۆ نەشتەرگەریی چاوی کامەرانی کوڕی قەرزی کردووە.
شوکر هەرکی، موختاری گەڕەکەکە، دۆخی سەختی ئەم خێزانە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: "مامەڵەی دوو کوڕەکەی کافیە لەگەڵ دراوسێکاندا باش نییە و زیانیان پێدەگەیەنن، بۆیە خاوەن خانووەکان دەریان دەکەن و بە ئاسانی خانووی دەستناکەوێت."
دوای خستنەڕووی دۆخی ئەم خێزانە، خێرخوازێک لە هەولێر ئامادەیی خۆی دەربڕی کە مانگانە کرێی خانووەکەیان و هەروەها دەرمان و چارەسەریی پزیشکیی دوو کوڕە نەخۆشەکەی لە ئەستۆ بگرێت و بەشێک لە کەلوپەلی پێویستی ماڵەوەیان بۆ دابین بکات. هاوکات خێرخوازێکی دیکەش ئامادەبوو کە تەواوی قەرزە دوو ملیۆن دینارییەکەی کافیە بداتەوە.