سوپای پاسداران: ژێرخانی سەربازیی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکامان لە ناوچەکە کردنە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی سەربازیدا (ژمارە 37) دەستپێکردنی شەپۆلی 45ـەمی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە (بەڵێنی راستگۆ 4)ی راگەیاند، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات چەندین ئامانجی ستراتیژی لە ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە لایەن هێزی ئاسمانیی سوپا، هێزی دەریایی، ئەرتەشی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان ئەنجام دراوە و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی وردپێکی خەیبەرشکێن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکار‌هێندراون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرەکیترین ئەو شوێنانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کراونەتە ئامانج ئەمانەن: 
 
لە نێوخۆی ئیسرائیل؛ ژێرخانی فەرماندەیی باکووری ئیسرائیل، ناوەندە سەربازییەکانی حەیفا و قەیساریە، کۆمەڵگەی پیشەسازیی حۆلۆن و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی زەرعیت و شلومی.
 
بنکەکانی ئەمریکا؛ راگەیێندراوەکە دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، هەریەکە لە بنکەی زەفرە لە ئیمارات و بنکەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ بۆردوومانکردنی ناوچەکانی نزیک لە رێپێوانی رۆژی قودس لە تاران.