زانكۆی گەشەپێدان: بەكارهێنانی زانكۆكەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قبوڵناكرێ
رووداو- هەولێر
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی ، كە خاوەنەكی عەلی قەرەداخییە، وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنێ و سەرۆكی زانكۆكەش دەڵێ، هیچ حیزبێک ناتوانێ رێوشوێنمان بۆ دابنێ و ئەو كارەش قبوڵ ناكەین.
لە هەڵەبجەی شەهید، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پرۆژەكانیدا بۆ ئەو شارە بۆ كامپینی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، باس لە هێنانی چەند كۆلێژ و بەشێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەكات بۆ ئەو شارە وەك یەكێك لە بانگەشەكان، لەكۆبوونەوەیەكی ئەمینداری گشتی ئەو پارتەش لەو پارێزگایە، بە لافیتەیەك لە پشتییەوە بە گەورەیی نوسراوە :” هێنانی چەند بەشێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ پارێزگای هەڵەبجە”.
لەبارەی ئەو بانگەشەیەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەرۆكی زانكۆكە نیگەرانی خۆی لەو كارە نیشاندا و باسی لەوەكرد، كە نابنە فاكتەری هەڵبژاردن بۆ هیچ لایەنێك.
مەریوان ئەحمەد رەشید، سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:”ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین، بەڵام ئەم لێدوانەی من دەچێتە بابی ئەوەوە، كە ئێمە بە هیچ شێوەیەك بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی نابینە فاكتەری بانگەشەی هەڵبژاردن. بۆیە زۆر بە روونی دەیڵێین ئەم زانكۆیە موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە و بە هەموو لایەك خزمەت بە بواری زانست و تەكنۆلۆژیا دەكەین و بە هیچ شێوەیەك ئەو كارەمان پێ قبوڵ ناكرێت."
لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا، زانكۆكە كامپێكی لە قەراخ و بەشێكی دیكەی لە بناری گۆیژەیە، بەمشێوە ناسێنراوە:” زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانكۆیەكی وەقفی قازانج نەویستە، پرۆفیسۆر دكتۆر علی محیالدین قەرەداخی دایمەزراندووە و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقدایە، كە بە فەرمی دانی بە بڕوانامەكانیدا ناوە.”
محەمەد ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەوان بێ ئاگابوون لە هەڵواسینی ئەو لافیتەیە و كاری چەند گەنجێك بووە.
سەرۆكی زانكۆكە ئاماژەی بەوەكرد، لە هەر شوێنێك بەش یان كۆلیژ بكەنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەەی زانستیدا دەبێ و بڕیاری كۆتایی لای ئەو وەزارەتەیە نەك پارتێكی سیاسی.
ئەو گوتیشی، "لەم روانگەیەوە ئەو راستییە دەردەكەوێت، كە زانكۆ لە ژێر چەتری حكومەتی هەرێمی كوردستان كاردەكات و هیچ لایەنێكی سیاسی ناتوانێت رێوشوێن بۆ هیچ زانكۆیەكی كوردستان یان زانكۆ ئەهلییەكان دابنێت."