ناسناوی مەلا شوان لەنێو داعش
رووداو- هەولێر
لایەنگر و ئەندامانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بڵاویانكردووەتەوە كە مەلا شوان كوردی، چەكداری كوردی نێو رێكخراوەكە لای ئەوان و لەنێو داعش نێوی ئەبو هاڕونە. بەشی زۆری چەكدار و ئەمیرەكانی داعش دوای ئەوەی پەیوەندی بە رێكخراوەكەوە دەكەن، ناسناوێكیان پێدەبەخشرێ و بە نێوی خۆیان بانگ ناكرێن.
دوای داگیركردنی موسڵ و چەند شارێكی دیكەی عێراق لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، مەلا شوان، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتێكی شاری هەولێر، بە خۆی و ژن و منداڵەكانی روویكردە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و وەك خۆی دەڵێ، بووە بە "موجاهیدێكی دەولەی ئیسلامی".
مەلا شوان لەوەتەی چووەتە نێو داعش چەندجارێك وێنەو ڤیدیۆی بڵاوكردووەتەوە، هەموو جارێكیش لە ڤیدیۆكاندا وتار دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە داوە، بەڵام لە دوایین دەركەوتنیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بوو و سەری دیلێكی حەشدی شەعبی بڕی، ئێستا ئەو تەنیا وتاربێژو راگەیاندنكاری رێكخراوەكە نییە، بەڵكو بووەتە یەكێك لە سەربڕەكانی داعش.