گۆلی زرێبار پڕ بووە لە ئاو و شەش ساڵە ئاستەکەی بەمشێوەیە بەرزنەبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
زرێباری مەریوان سەردانکەری زۆری لە دەرەوەی شارەکە هەیە، بەڵام ئێستا خەڵکی شارەکەش زوو زوو سەردانی دەکەن بۆ بینینی گۆلەکە بە پڕ ئاوی.
ئاستی ئاوی دەریاچەکە ئەمساڵ زۆر بەرزبووەتەوە و هەموو ئەو شوێنانەی وەکو رووبەری زرێبار دەناسران، پڕ بوون لە ئاو. دۆخێک کە دڵی خەڵکی شارەکەی خۆشکردووە.
گۆلی زرێبار، هەزار و 285 مەتر لە ئاستی ئاوی دەریاکان بەرزترە. درێژیی گۆلەکە 5 کیلۆمەتر و پانییەکەی هەزار و 600 مەترە و دوو بۆ پێنج مەتر قووڵە. ئەمساڵ لە مەریوان زیاتر لە ئاستی مامناوەند بەفر و باران باریوە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دوای شەش ساڵ، جارێکی دیکە ئاستی ئاوەکە بەو شێوەیە بەرزببێتەوە.
بەپێی یاسای تایبەت بە پاراستنی گۆل و تاڵاوەکانی ئێران، نابێ لە مەودای 150 مەتریی گۆل و تاڵاوەکان، بینا دروست بکرێت و کشتوکاڵ بچێنرێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوەکەی، ئەو یاسایەش لە زرێبار پێشێلکراوە.
گۆلی زرێبار یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین شوێنە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە پاڵ مەریوان هەڵکەوتووە.
جگە لە کەمبوونەوەی رێژەی بارینەکان، زۆر هۆکاری مرۆییش کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ئاو و بچووکبوونەوەی رووبەڕەکەی هەبووە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت گۆلەکە جوانیی خۆی لەدەستنەدات، دەبێ زبڵ و پاشماوەکانیان نەخەنە نێو زرێبار. قامیشەڵانەکەی نەسووتێنن و رووبەری وشکبووی دەریاچەکە نەکێڵن و نەیکەنە زەویی کشتوکاڵی، باخ و خانوو.