لە ئامەد دوای 63 رۆژ لە ونبوونی، تەرمی پیاوێک بەبێ سەر دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی پاسووری سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان، تەرمی پیاوێک دۆزرایەوە سەری پێوە نەمابوو. مەزەندە دەکرێت تەرمی ساڵح ئەرتاشی تەمەن 84 ساڵان بێت کە لە 8ـی شوباتی ئەمساڵەوە بێسەروشوێن بووە.
 
ساڵح ئەرتاش، خاوەن پێداویستیی تایبەت و دانیشتووی گەڕەکی چاغلایانی شارۆچکەی پاسوورە، رۆژی 8ـی شوبات بۆ میوانداری لە ماڵ دەرچووە بەرەو گوندی دەرەبۆیو، بەڵام دواتر بێسەروشوێن بووە.
 
خێزانەکەی ئەرتاش دوای ئەوەی نەیانتوانیوە پەیوەندیی پێوە بکەن، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11ـی شوبات سەنتەری فریاگوزاریی 112ـیان ئاگادار کردووەتەوە. دوای ئەوە تیمەکان رەوانەی ناوچەکە کران و دەستیان بە گەڕان کرد.
 
سەدان کەس لە تیمەکانی فریاگوزاری و گەڕانی سەر بە ئافاد، شارەوانیی پاسوور، شارەوانیی کایاپینار، گەورەشارەوانیی ئامەد و بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیی رێگەوبانەکان، لەگەڵ تیمەکانی پۆلیس و جەندرمە بۆ ماوەی 23 رۆژ بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان. کاتێک هیچ شوێنەوارێکی ئەرتاش نەدۆزرایەوە، لە 3ـی ئاداردا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهێندرا.
 
رۆژی یەکشەممە 12ـی نیسان، هاونیشتمانیان لە دووریی نزیکەی 7 کیلۆمەتر لە ماڵی ساڵح ئەرتاشەوە، تەرمی کەسێکیان بینی کە بەبێ جووڵە کەوتووە و جەندرمەیان ئاگادار کردەوە. تیمەکان چوونە شوێنی رووداوەکە و لە لێکۆڵینەوەکانیاندا، رووبەڕووی تەرمی پیاوێک بوونەوە کە سەری نەبوو.
 
لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا و لە رێگەی جلوبەرگ و کەلوپەلەکانییەوە، وا هەڵسەنگێندرا کە رەنگە تەرمی ساڵح ئەرتاش بێت. ئێستا تەرمەکە بۆ زانینی هۆکاری وردی مردن و دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە.