وەزارەتی پەروەردە کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 و 12ی ئامادەیی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی هەموارکراوی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 بڵاوکردەوە، تێیدا کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی و پەیمانگاکان دیاریکراون.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە، گۆڕانکاری لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کراوە و چەند بڕیارێکی نوێ دراون.
 
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی
 
بەپێی ساڵنامە نوێیەکە، تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) بەمشێوەیە دەبن:
 
خولی یەکەم: لە 14-06-2026 دەستپێدەکەن و تاوەکو 08-07-2026 بەردەوام دەبن.
 
خولی دووەم: لە 11-08-2026 تاوەکو 27-08-2026 ئەنجام دەدرێن
 
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9ی بنەڕەتی
 
خولی یەکەم: لە 14-05-2026 دەستپێدەکات و لە 25-05-2026 کۆتایی دێت.
 
خولی دووەم: لە 15-06-2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 30-06-2026 بەردەوام دەبێت.
 
کۆتایی وەرزی دووەم و تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز
 
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزیان (20 نمرە) تەواو نەکردووە، دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام ئەنجامی بدەن. 
 
سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆلەکانی 9 و 12، کارگێڕی قوتابخانەکان سەرپشک کراون کاتەکەی دیاری بکەن، بە مەرجێک لە 04-05-2026 تێنەپەڕێت.
 
پەیمانگاکان
 
لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پەیمانگاکان لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام دەستپێدەکەن و دەبێت تاوەکو 03-04-2026 کۆتاییان بێت. 
 
هەروەها تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پەیمانگاکان وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە 09-05-2026 تاوەکو 20-05-2026 ئەنجام دەدرێن.