بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک: نزیکەی 500 داری زەیتوون هەڵکەندران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، دوای ئەوەی زەوییەکی کشتوکاڵیی فراوان کراوە بە یەکەی نیشتەجێبوون لە قەزای حەویجە، نزیکەی 500 داری زەیتوون لەلایەن شارەوانییەوە هەڵکەنراون. دەشڵێت، دوای ئەوەی راپۆرت و زانیاریی تەواو وەردەگرن ئەوانەی کەمتەرخەمن دەدرێنە دادگە.
رۆژی هەینی 13-5-2022، زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆییەک تێیدا ژمارەیەک شۆفڵ دەردەکەون داری زەیتوون لە ناوچەیەک هەڵدەکەنن کە تازە کراوەتە شوێنی نیشتەجێبوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئێمە ئەو گرتە ڤیدیۆییانەمان بینی، داوامان لە هۆبەی کشتوکاڵی قەزای حەویجە کردووە بۆ ئەوەی زانیاریی تەواومان لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا پێبدات بۆ ئەوەی راستی و دروستیی زیاتر لەبارەی هەڵکەندنی ئەو دارانەمان پێبدەن.
گوتیشی: راستی دۆسییەکە ئاوایە پێشتر سکاڵا لەسەر ئەو جووتیارە هەبووە، کە زەوییەکەی لەلابووە و دادگە بڕیاری داوە ئەو زەوییە بگەڕێنێتەوە بۆ شارەوانیی، ئیدی شارەوانیش بەسەر کۆمەڵێک خەڵکی حەویجەی دابەشکردووە، بەڵام ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت ئەوەیە دارەکان هەڵدەکەندرێن لەلایەن هەندێک خەڵکەوە کە داوایان لە شۆفڵەکانی شارەوانی کردووە ئەو کارەیان بۆ بکات، ئەوە کارێکی زۆر ناپەسندە لەلای ئێمە، چونکە ژمارەی ئەو دارانە زۆرن و هەیانە تەمەنیان 70 ساڵە، هەندێکیان 60 ساڵن، هەیانە 30 ساڵ تەمەنی هەیە، بۆیە ئێمە بەدواداچوون دەکەین و کەمتەرخەمەکان دەدەینە دادگە ئەگەر پێویستی کرد.
بەپێی ژمارەیەک گرتەڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە دەردەکەوێت چەند کەسێک ژمارەیەک دارە زەیتوون لە قەزای حەویجە هەڵدەکەنن، ئەوەش نیگەرانی لەلای چالاکڤانانی شارۆچکەکە دروستکردووە و باسیان لەوەکردووە، لەو کاتەی عێراق بۆ بەرگرتن لە خۆڵبارین و کەمەکردنەوەی مەترسییەکانی پێویستی بە چاندنی ملیۆنەها دار هەیە، کەچی خەڵکانێک دارەکان بە پشتگیریی شارەوانیی شارۆچکەکە دار هەڵدەکەنن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک روونیشیکردەوە، "ئەو زەوییانە بەپێی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی کراونەتە باخ و مۆڵەتی هەبووە، بۆیە کە مۆڵەتی هەبووە ئێمە رەنگە نەتوانین هەموو رێوشوێنێکی دەستبەجێ بگرینەبەر، دەبێت لێکۆڵینەوە بکەین و زانیارییەکان بە دروستی وەربگرین."