لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بەغدا و هەولێر یەکەمن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە نزیکەى 50 رۆژدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تۆمارى دەنگدانانیان بۆ هەڵبژاردن نوێکردووەتەوە، بەغدا لەسەر ئاستى عێراق و هەولێر لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان یەکەمن لە زۆرترین نوێکردنەوەى ئەو تۆمارەدا. 
  
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ژمارەى ئەو کەسانەى تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. 
 
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە؛ تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو رۆژی دووشەممە 12ى ئایار یەک ملیۆن و 120 هەزار و 647 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نوێ کردووەتەوە.
 
لەسەر ئاستى عێراقدا، زۆرترین کەس لە بەغدا تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، کە 232 هەزار و 474 کەسن، پارێزگاى نەینەوا لە ریزبەندیی دووەمدایە بە 176 هەزار و 291 کەس.
 
 لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان زۆرترین نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران لە هەولێر بووە بە 79 هەزار و 935 کەس و لە سلێمانى 57 هەزار و 798 و لە دهۆک 42 هەزار و 946 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە. 
 
جومانە غەلاى گوتى: "هەزار و 79 ناوەند لە عێراق بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران کراونەتەوە".
 
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە، کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا، کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.