قەرەیلان: بۆ دانانی چەک پێویستمان بە متمانەی دەوڵەتە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەڵێت، "دەوڵەت دەبێت متمانە بدات، بۆئەوەی ئێمە چەکەکانمان دابنێین." 
 
لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی 12ی حیزبەکەی کە ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025 بڵاوکراوەتەوە، موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، "تاوەکو کۆتایی متمانەیان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بەڵام دەوڵەت دەبێت متمانە بدات، بۆئەوەی چەکەکانمان دابنێین."
 
بە گوتەی قەرەیلان، لە ماوەی ئەو 41 ساڵەی شەڕی چەکداریدا 35 هەزار گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە کادیرانی مەدەنی ژمارەی شەهیدەکانیان دەگاتە 50 هەزار شەهید.
 
قەرەیلان گوتی، "ئامانجی سەرەکیی هەموو کەسێک، بەتایبەتی گەریلا، ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە. راستە، ئێستا رێبەر ئاپۆ داواکاریی لە ئێمە هەیە، ئێمەش تاوەکو کۆتایی متمانەمان بە رێبەر ئاپۆ هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بەڕاستی چەکەکانمان دابنێین، پێویستە متمانەمان بە دەوڵەتیش هەبێت. بەڵام ئێستا نزیکبوونەوەی دەوڵەتی تورک زۆر متمانەبەخش نییە."
 
قەرەیلان رایگەیاند، "پێش هەموو شتێک دەبێت گۆڕانکاری یاسایی هەبێت".  گوتیشی: "دەوڵەت دەیەوێت قازانج لە شەڕ بەدەستبهێنێت، بە شەڕ بگاتە ئەنجام، بەڵام جارێکی دیکە دەڵێم؛ ناتوانن بە شەڕ ئەنجام بەدەستبهێنن. بۆچی؟ چونکە ئێمەش ئەزموونی 41 ساڵمان هەیە، تاکتیکی نوێمان پەرەپێداوە، شەڕمان گەیاندووەتە ژێر زەوی و سەر زەوی و ئاسمان. ناتوانن لە ئێمە ببەنەوە، ناتوانن ئێمە لەنێوبەرن."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، پێیوایە ئەو عەقڵەی دەڵێت 'ئێمە بە چەک لەناویان دەبەین، ئێمە تەواومان کردوون، ئێمە گەیاندووماننەتە ئەو ئاستەی کە ناتوانن شەڕ بکەن، ئێمە بە ئۆپەراسیۆن و هێرش دەگەینە ئەنجام' عەقڵی چارەسەر نییە، راستیش نییە.
 
قەرەیلان گوتیشی، "گەریلا دەتوانێت شەڕ بەپێی رێگا و شێوازەکانی سەردەم بەردەوام بکات و جارێکی دیکە نیشانی بدات کە شکست ناهێنێت. بەڵام ئەوەی رێبەر ئاپۆ باسی لێوە کردووە، ئەو سەردەمە بەسەرچووە. لەبەر ئەوە پێویستیمان بە گۆڕانکاری هەیە. ئێمە باوەڕمان وایە کە دەبێت کۆتایی بە ستراتیژی شەڕی چەکداری بهێنین، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات، گۆڕانکارییە یاساییەکانی پێویست بۆ ئەمە نەکات، ئەوا ئەمە لە پراکتیکدا مومکین نابێت."