سەمسوور.. لە شەڕی نێوان خاوەن خانوویەک و کرێنشینەکەیدا 11 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لەنێوان خاوەن ماڵ و کرێچییەکەیدا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان روویدا و لە ئەنجامدا 11 کەس بریندار بوون کە دووانیان ژنن.
رووداوەکە شەوی رابردوو لە گەڕەکی سومەرئەڤلەری لە شاری سەمسوور روویدا.
لەنێوان خاوەن ماڵ و کرێچییەکەیدا بە هۆکارێکی نادیار دەمەقاڵێ دروست بوو. دوای ئەوەی کەسوکاری هەردوولا هاتنە ناو بابەتەکەوە، دەمەقاڵێیەکە گەورە بوو و بووە شەڕ و تێیدا چەقۆ و دار و بەرد بەکارهێنران.
لە شەڕەکەدا، 11 کەس بریندار بوون، لەنێویاندا ژنێک بە چەقۆ و کچێکی منداڵیش بە بەرد بریندار بوون. ژمارەیەکی زۆر تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بریندارەکان دوای چارەسەری سەرەتایی لە شوێنی رووداوەکە، گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی سەمسوور.
پۆلیس دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لە شەڕەکەدا بەشداربوون و لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون.
لێکۆڵینەوەی دادوەری کە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.