دەنگی داعش لە بەردەڕەش و ئاكرێ زوڵاڵە
رووداو - بەردەڕەش
ماوەیەكە دوو رادیۆی داعش كە بارەگایان لە مووسڵە، پەخشیان دەگاتە دەوروبەری هەردوو قەزای بەردەڕەش و ئاكرێ و خەڵك بە روونی گوێی لە دەنگوباسەكانیان دەبێت. بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ئاگاداری ئەوەن و بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
پەخشی رادیۆكانی داعش زۆربەی كات بە زمانی عەرەبییە، بەڵام هاووڵاتیانی ناوچەكە دەڵێن چەند جارێك گوێیان لێبووە بە زمانی كوردیش پەخشیان كردووە.
(رووداو) قسەی لەگەڵ چەند دانیشتوویەكی بەردەڕەش كرد، هەندێكیان بێ ئاگایی خۆیان نیشاندا، هەشبوو دەیگوت گوێی لە رادیۆی داعش بووە، بەڵام لە ترسی هێزە ئەمنییەكان ناوێرن باسی بكەن.
لە شوێنە بەرزەكاندا پەخشی رادیۆكانی داعش زۆر روونە، بە تایبەتی لەناوچەی كەمپی ئاوارەكان لە بەردەڕەش كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی مووسڵ و دەوروبەری تێدایە.
ئیسماعیل، ناوی خوازراوی دانیشتوویەكی بەردەڕەشە، دەڵێت بەڕێكەوت لە نێو ئۆتۆمبێل میللی رادیۆكەی گۆڕیوە و كەوتووەتە سەر رادیۆكەی داعش. ئیسماعیل گوتی "رادیۆكە باسی شەڕەكانی دەكرد لەگەڵ پێشمەرگە". ئێستا ئیسماعیل یەكێكە لە گوێگرانی رادیۆكەی داعش و دەڵێت "ماوە ماوە لەنێو ئۆتۆمبیل دەیخەمە سەر ئەو رادیۆیە بۆ ئەوەی ئاگاداری رووداوەكانی نێو شاری مووسڵ بم".
(رووداو) پەیوەندی بە بەرپرسانی دەڤەرەكەوە كرد سەبارەت بە پەخشی رادیۆكە، بەڵام بێ ئاگایی خۆیان لە هەبوونی پەخشەكە دەربڕی.
محەممەد، یەكێكی دیكەیە لەوانەی گوێی لە رادیۆی داعش بووە، پێیوایە ئەو رادیۆیە مەترسییەكی زۆری بۆ سەر هاووڵاتیانی ناوچەكە هەیە، چونكە زۆرجار پەخشەكەیان دەبێتە كوردی.
محەممەد گوتی "من خۆم گوێم لێبوو بە كوردی باسی لادانی چەند مەلایەكی لە وتاردان دەكرد لە شاری هەولێر، دەیگوت حكومەتی كوردستان رێگا بە مەلایانی راستگۆ نادات راستییەكانی ئایینی ئیسلام و دەوڵەتی ئیسلامییان بۆ باس بكەن".
هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هەماهەنگی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ماوەی چەند رۆژێكە خەریكی لێكۆڵینەوەن لەو بابەتە و دەڵێت "گەیشتنی پەخشی رادیۆی داعش بە ئاكرێ و بەردەڕەش مەترسییە بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی ناوچەكە، هەرچی زووترە دەبێت ئەو بابەتە چارە بكرێت".
قەزای بەردەڕەش تەنیا 25 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵ دوورە، تاوەكو ئێستا 14 كەسی شارۆچكەكە چوونەتە ریزەكانی داعش.