دەزگای زانیاری: ئەژی ئەمین لە بەرپرسی دەزگای زانیاری بەخشراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رایگەیاند، ئەژی ئەمین نادر بە فەرمانێکی هەرێمی لە رۆژی 27ی ئاداری 2022 لە پۆستەکەی وەکو بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی دوورخراوەتەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگاکەوە نەماوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەژی ئەمین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەیەکی لەگەڵ کەسێک بە ناوی حاکم والی گرت و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد.
رۆژی دووشەممە، 13-6-2022، دەزگای زانیاری لە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، كە بەڕێز (سەلمان ئەمین نادر) ناسراو بە (مامۆستا ئەژی) بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 69 لە رۆژی 27-3-2022 لە پۆستەكەی بەخشراوە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری نەماوە."
هەروەها رایگەیاندووە، ئەو كار و چالاكییانەی، كە ئەژی ئەمین بڵاویدەكاتەوە پەیوەندیی بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیارییەوە نییە.
ئەو روونکردنەوە لە کاتێکدایە ئەژی ئەمین، رۆژی دووشەممە، 13-6-2022، لە بەشێک لە پەیج و هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کەسێک دەرکەوت کە بە "حاکم والی" ناساندوویەتی و تێیدا ئاڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان لە پشتەوە دەردەکەوێت، ئەژی ئەمین لەوبارەیەوە نووسیویەتی، "دەستبەکاربوونی تێکۆشەری دێرین و یاساناسی بە ئەمەک حاکم والی، پیرۆزە و بە هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکەکانیاندا."
لە دوای رووداوەکانی 8ی تەمموزی نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتییەوە، ئەژی ئەمین کرایە بەرپرسی دەزگای زانیاری، بەڵام لە ماوەی رابردوودا ئەژی ئەمین، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەكێتی لە پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاری دوورخرایەوە و جەلال شێج ناجی، لە شوێنەکەی دانرا.