وەزارەتی پەروەردە رێنماییەکانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، بە دەستدرێژیکردن سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت".
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "پێویستە سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و یاریدەدر چاودێریی هۆڵەکانی خوێندن بکەن و کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان و خویندکاران دابین بکەن".
لە خاڵێکی دیکەی رێنماییەکاندا هاتووە، "بردنە ژوورەوە هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو ناوەندەکانی تاقیکردنەوە قەدەخەیە".
تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی رۆژی یەکشەممە، 23ـی حوزەیران دەستپێدەکەن و رۆژی چوارشەممە، 17ـی تەممووز دوایین تاقیکردنەوە دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە نۆ رێنمایی بڵاوکردوونەتەوە کە هاوپێچەکەیان لە خوارەوە دانراوە:
یەکەم: پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان و خوێندکاران فەراهەم بکرێت.
دووەم: دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، یاخود بەهۆی وەزیفەکەیەوە، بەباری تووندکاری سزی دەستدرێژیکردن بۆ سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت.
سێیەم: بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو ناوەندەکانی تاقیکردنەوە قەدەخەیە.
چوارەم: نابێت بەهیچ جۆرێک موبایلی زیرەک بەرنە ناو ناوەندی تاقیکردنەوە و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
پێنجەم: پرسیاری بابەتەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن مامۆستای چاودێر لە قوتابیان وەردەگرێنەوە و پێویستە بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر لەوە دڵنیاببنەوە کە پرسیارەکان و پەڕەی سۆما وەردەگرنەوە.
شەشەم: پشکنین بۆ هەموو قوتابیان و خوێندکاران ئەنجام دەدرێت پێش چوونە هۆڵی تاقیکردنەوە؛ هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک رێگەپێنەدراوە.
حەوتەم: هیچ کەسێک مافی نییە پرسیارەکان وێنە بگرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکاتەوە.
هەشتەم: مامۆستایان و سەرپەرشتاران و فەرمانبەرانی دیکەش مافیان نییە کە پرسیارەکانی پۆلی 12 پاش تاقیکردنەوەکان بڵاوبکەنەوە و وەڵامیان دیاریبکەن. وەڵامەکان لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانەوە پاش تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان دیاری دەکرێن.
نۆیەم: رووماڵی راگەیاندنەکان؛ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەدەی پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی هەیە کە یەک ناوندی تاقیکردنەوە دیاری بکات بۆ ئەوەی لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدات.