پەروەردە و خوێندنی باڵا تاقیکردنەوەکانیان دواخست؛ پۆلی 12 ئاگاداربن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرجەم تاقیکردنەوەکان بۆ هەفتەی داهاتوو دوادەخرێن.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان بە قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە، هەروەها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش هەمووی دوادەخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو.
ئەم راگەیێندراوەی وەزارەتی پەروەردە لەکاتێکدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئێران و تارانیش هەر ئەمشەو، بە چەندین مووشەکی بالیستی وەڵامی دایەوە و وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بڕیارەکەیان داوە.
لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەر یەکە لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و ئەوقاف کاردانەوەیان بۆ بڕیارەکە راگەیاند. ئەوقاف رەتیدەکاتەوە تاقیکردنەوەکان دوابخات.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە، "سەبارەت بە گشت تاقیکردنەوەکانی گشتی پۆلی (12) خولی یەکەم و تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی(9) خولی دووەم و و پۆلەناکۆتاکان خولی دووەم لەسەر خشتەی دیاری کراو بەڕێوەدەچێت و دواناخرێت. واتا هەموو تاقیکردنەوەکان لە کات و بەپێی خشتەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوەدەچێت.
خوێندنی باڵاش دەڵێت، لەسەر فەرمانی بەڕێز د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە دواخستنی (پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم) لە سەرجەم زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتەکەمان و دامودەزگەکانی ديكە بۆ ماوەی یەک هەفتە.