جگە لە پارتی ، لایەنە سیاسییەکان سەرۆکی لیستەکانیان دیاری دەکەن
لایەنە سیاسیەکانی کوردستان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی لیستی کاندیدەکانیان بۆ خولی داھاتووی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکرد، حزبی شیوعی کوردستان یەکەمین پارتی سیاسی بوو سەرۆک لیستەکەی دیاریکرد کە عەزیز محەمەد یەکێک لە سکرتێرەکانی پێشووی حزبەکەی بوو بەڵام لەبەر تێکچوونی رەوشی تەندروستی گۆڕدراو بە ئەبو کاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە.
لە دوای شیوعی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرۆکی لیستەکەی دیاریکرد بەڵام، لە ماوەیەکی کورتدا پەشیمانبوویەوە،مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکدا لە رێگەی راگەیەندراوێک جەلال تاڵەبانی سەرۆکۆماری عێراق و سکرتیری گشتی ئەو پارتەی وەک سەرۆکی لیست دیاریکرد، یەکێتی دەیزانی کە تەندرووستی تاڵەبانی کە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیایە و ماوەی ٧ مانگە چارەسەی پزیشکی وەردەگرێت رێگە نادات بەوەی بتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات بەڵام یەکێتی لەرێگەی تاڵەبانی کە سیمبولی ئەم پارتەیە ویستی جەماوەرەکەی گەرموگوڕ بکاتەوە.
یەکێتی نیشتیمانی زۆری نەبرد پەشیمان بوویەوە پاش ئەوەی لە چەندین لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی رەخنە لەو پارتە گیرا کە بەو کارەی کەسایەتی تاڵەبانی بچوکردووەتەوە، بۆیە بە بریاری سەرکردایەتی یەکێتی یەکێکی دیکە دیاریکرا کە بریتییە لە سەرۆکی ئیستای پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەویش ئەرسەلان بایز.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان مەولود باوە مراد کە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە بە سەرۆکی لیست لە هەڵبژاردنی داهتوودا دیاری کرد مەولود موراد محێدین بەکالۆریۆس لە ئابووری و بەکالۆریۆسو ماستەر لە یاسای بەدەستھێناوە، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی کاری ئیخوان پەیوەندی بە رەوتی ئیسلامییەوە کردووە، لە راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا لە (١٩٩٤)دا بەشداربووە، چەند پۆستی جیاوازی حزبی وەرگرتووە.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوودا نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە سەرۆکی لیستەکەیان بوو ، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یوسف محەمەد بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی بزووتنەوەکەی وەکو سەرۆک لیست دیاری کرد . یوسف محەمەد لە ساڵی ٢٠١٠ لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدی ژمارە ٥ ی بزووتنەوەی گۆڕان بوو دەنگی نەھێنا پاشان ئەندامی لێژنەی دانوستان بوو لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات .
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ، سەرکردایەتیەکەی بەشێوەی هەڵبژاردن و بە زۆریینەی دەنگی ئەندامانی مەلا مەڕوانی وەکو سەرۆکی لیست لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دیاری کرد، مەلا مەڕوان سەرەتای کاری سیاسی ساڵی 1979 دەبێتە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ساڵی 1982 واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و دەگەڕێتەوە هەولێر بۆ درێژەدان بە خوێندن، ساڵی 1991 پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات، قۆناغەکان لەو بزووتنەوەیە دەبڕێت تا سەرکردایەتی،ساڵی 2000 لەگەڵ عەلی باپیر و چەند ئەندامێکی دیکەی بزووتنەوە جیا دەبنەوەو کۆمەڵی ئیسلامی رادەگەیەنن، واتە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامییەو لەسەرەتاوە تا ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسیە .
تاکە لایەنی سیاسی کە ماوەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە، تا ئێستا سەرۆکی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیاری نەکردوە ، رووداو زانیویەتی رۆژی پێنجەشەممەی داهاتوو پارتی ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە ،چونکە دەستنیشانکردنی کاندیداکانیش بۆ لیستەکە تا ئێستا ماوەتەوە .