بۆکان جاف: زمانی کوردی لە وەرگێڕی گووگڵ بە یوتیوبەوە پەیوەست دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا شێوەزاری سۆرانی لە وەرگێڕی گووگڵ پەیوەست دەکرێت بە یوتیوبەوە و رۆژانی دواتریش بە جیمەیڵەوە؛ دەشڵێت دوای ئەوەی جێگیرکرا دەتوانرێت کۆمێنتەکان و تایتڵی سەر ڤیدیۆکان بۆسەر زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە وەربگێڕدرێت.
 
بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشڤەچوونەکانی زمانی کوردی (سۆرانی) لە کۆمپانیای (Google)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ توانیمان بە هاوکاریی هاوڕێیەکانمان بگەینە ئامانج و گووگڵ لە کۆی 127 زمان، 24 زمانی هەڵبژارد بۆئەوەی بیانخاتە نێو خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەوە، یەکێک لەوانە زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی) بوو، ئەم ماوەیە سەرقاڵی ئەوە بووین وەرگێڕی گووگڵ پەیوەست بکەین بە هەموو بەرنامەکانی کۆمپانیای گووگڵەوە، لەنێویاندا یوتیوب و جیمەیڵ."
 
دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "لە چەند رۆژی داهاتوو، دەتوانم بڵێم لەم هەفتەیەدا، زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی) لە وەرگێڕی گووگڵ پەیوەست دەکرێت بە یوتیوبەوە و لەڕێگەی وەرگێڕی گووگڵەوە دەتوانیت ئەو کۆمێنتانەی دەنووسرێت یان ئەو تایتڵانەی لەگەڵ ڤیدیۆکاندا لە یوتیوب بڵاودەکرێنەوە، ئیدی بە هەر زمانێک بێت، لە گووگڵ بیکەیت بەو زمانەی کە خۆت دەتەوێت، بەڵام بەو مەرجەی وەرگێڕی گووگڵت دابەزاندبێت، واتە کاتێک تۆ لە یوتیوب ڤیدیۆیەک بڵاودەکەیتەوە و کۆمێنتی بە زمانی دیکەی وەکو ئینگلیزی یان عەرەبی یان زمانی دیکەی بۆ دەنووسرێت، ئەگەر وەرگێڕی گووگڵت دابەزاندبێت، ئەوا بە دەبڵ کلیک دەچیتە سەر وەرگێڕی گووگڵ و ئەو زمانە هەڵدەبژێریت کە دەتەوێت ئەو کۆمێنتەی بۆ وەربگێڕێت، لەنێویاندا زمانی کوردی (سۆرانی)، ئەمە بۆ تایتڵی ڤیدیۆش هەمان شتە."
 
هەروەها روونیشیکردەوە، کۆمپانیای گووگڵ لەسەر ئەو هەنگاوە رەزامەندییان نیشانداوە و لەلای ئەوان وەکو تاقیکاری کاری لەسەر دەکرێت و کارایە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ هەموو بەکارهێنەران کارا دەکرێت.
 
بۆکان جاف، کە لە دایکبووی ساڵی 1991ـە و دانیشتووی هەڵەبجەیە، لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت لە هەڵەبجە  کار دەکات، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیەکانی سەرقاڵی پرۆژەی زیادکردنی زمانی کوردی (سۆرانی) بوون بۆ نێو خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانی کۆمپانیای (Google)، دواجار کۆمپانیاکە زمانەکەی زیادکرد.
 
بەپێی کۆمپانیای گووگڵ نزیکەی هەشت ملیۆن کەس بە زمانی کوردی (سۆرانی) قسە دەکەن و زۆربەیان لە عێراقن، کۆمپانیاکە ناوی هەریەک لە بۆکان جاف، میدیا غازی زادە، رۆشنا عومەر عەبدولڕەحمان، سامان وەیسیپوور و سەرچیا خورشید-ی هێنا، کە رۆڵیان لەو کارەدا هەبووە و سوپاسی کردن.
 
لەبارەی زیادکردنی ئەو خەسڵەتە هاوشێوەی یوتیوب بۆ جیمەیڵ (Gmail)، بۆکان جاف گوتی، "هەمان ئەو شتەی بۆ یوتیوب دەکرێت، دوای ئەوە بۆ (Gmail)یش زیاد دەبێت، واتە ئەو دەقانەی یان ئەو نووسینانەی لە ئیمەیڵی گووگڵەوە (Gmail)ەوە پێتدەگات، دەتوانیت وەرگێڕانی بۆ بکەیت بۆ زمانی کوردی و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام ئەمە دوای ئەوەی یوتیوب دەبێت."
 
پێشتر گووگڵ زمانی کوردی (کورمانجی سەرووی) بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادکردبوو، ئێستا زمانی کوردی (سۆرانی) بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی خواستی وەرگێڕانیان هەیە، تەواوی ئەو زمانانەی ئێستا لە خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ بەردەستن، 133 زمانن.
 
بۆکان جاف، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی خولیایەکی زۆری بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، لە ساڵی 2015وە بووەتە ئەندامی کۆمەڵگەی گووگڵ و لە ساڵی 2019دا کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و هەرێمی کوردستانی دامەزراندووە.
 
شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی، زمانی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بە شێوەیەکی سەرەکی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە باشووری کوردستان بەکاردەهێندرێت. لە بەشێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە شێوەزاری کرمانجیی خواروو بەکاردەهێندرێت.