هونەرمەندێکى هەولێر ئەرکی چارەسەرکردنی سەگێکی بێلانە دەگرێتە ئەستۆ
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکى شاری هەولێر ئەرکى چارەسەرکردنى سەگێکى بێلانە دەگرێتە ئەستۆ و لە نۆرینگەیەکى تایبەت چارەسەرى شکاویی قاچى دەکات.
13ى تەممووزى 2023، هونەرمەند موحسین عەبدوڵڵا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو سەگە بێلانەیەم لە شەقامێک بینى کە قاچى شکابوو؛ وەک هەستێکى مرۆڤدۆستانە بڕیارم دا ئەرکى چارەسەرکردنى بگرمە ئەستۆ".
ئەو هونەرمەندە ئاماژەى بەوەشدا کە لە نۆرینگەیەکى تایبەت نەشتەرگەرى بۆ قاچى سەگەکە کراوە و وەک قۆناخى یەکەم و دواى هەفتەیەکى دیکە دوایین چارەسەری بۆ دەکرێت.
موحسین عەبدوڵڵا گوتیشى، "ئەگەر هەیە بە دانانى پلاتین چارەسەرى شکاوى قاچى سەگەکە بکرێت".
بەگوێرەی ئامارە نافەرییەکان، زیاتر لە 20 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر هەن. لە هەشتى تەمموزەوە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەستی پێکرد.
شارەوانى شارەکە هەڵمەتێکی دەستێکردووە بۆ کۆکردنەوەى ئەو سەگە بێلانانە لە شێڵتەرێکى تایبەتدا.
رۆژی چوارشەممە، 12-7-2023 ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەولێر کە سەرپەرشتی گرتن و گواستنەوەی سەگەکانی هەولێر بۆ شێڵتەرەکە دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 سەگیان کۆکردووەتەوە و بردوویانەتە ئەو شێڵتەرەی کە بۆیان دابینکراوە.