بەتۆمەتی "ناوزڕاندن" سکاڵا لەسەر عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بنکەی پۆلیسی راپەڕینی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە لە بنکەکە ئامادەبێت، ئەوەش بەهۆی سکاڵایەکەوە کە لەسەری تۆمارکراوە. پەرلەمانتارەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "نازانم کێ و لەسەر چی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووم".
 
بەپێی ئاگادارکردنەوەیەک کە ژمارە 5551ـی ساڵی 2022ـی هەیە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی راپەڕینی بەشی پۆلیسی ناوشار/رۆژئاوای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەرکراوە، ئەمڕۆ 13-7-2023 لە شاری هەولێر رادەستی هاوژینی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمنای کوردستان کراوە، بنکەکە داوای کردووە ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو کە سیفەتی "تۆمەتبار"ی بۆ داناوە لە بنکەکەیان ئامادە بێت بەپێی مادەی 433ـی یاسای سزادانی عێراق، بێ ئەوەی روونی بکاتەوە لەلایەن کێوە سکاڵای لەسەر کراوە و تۆمەتەکە لەسەر چییە.
 
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، کە زۆر جار لەسەر بابەتی گشتی قسە و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەیە، لەبارەی سکاڵاکەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نازانم کێ سکاڵای لەسەر کردووم و بۆچی سکاڵاکە کراوە، بەڵام ئەو ئاگادارکردنەوەیە گەیێندراوەتە ماڵەوە؛ نزیکەی 10 سکاڵام لەسەرە؛ لەم سکاڵایەشدا دیاری نەکراوە بۆچی دەبێت ئامادە ببم؛ هیچ شتێک روون نییە."  
 
مادەی 433ـی یاسای سزادانی عێراقی پەیوەندی بە ناوزڕاندنەوە هەیە؛ مادەکە لە دوو بڕگە پێکدێت و سزاکەی بە بەندکردن و پێبژاردن یان بە یەکێک لەو دوو سزایە دەبێت. بەپێی مادەکە، ئەگەر ناوزڕاندنەکە لە میدیا یان لە رۆژنامە و چاپەمەنی بێت، ئەوا سزاکە قورستر دەبێت.