مەلا عەلی کەڵەک: بۆ گشتپرسی پرسم بە خودا کردووە

رووداو – هەولێر

مەلا عەلی کەڵەک، کە هەمیشە خۆی بە پزیشکی ئاینی دەناسێنێت، دەڵێت، "بۆ ریفراندۆم پرسم بە خودا کردووەو خودای گەورەش لە رێگەی خەونێک وەڵامی داوەتەوە".

لە پارچە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەریەکە لە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر و مەلا عەلی کەڵەک دەردەکەون، گفتوگۆ لە بارەی گشتپرسی کوردستان دەکەن کە بڕیارە لە 25-ی ئەیلول ئەنجامبدرێت.

مەلا عەلی کەڵەک دەڵێت، "بۆ گشتپرسی کوردستان پرسم بەخودا کردووە، نوێژی ئیستیخارەم کردووەو لە خودا پاڕاومەتەوە کە ئەگەر ئەم گشتپرسییە خێری بۆ کورد تێدایە دڵم خۆش بکات، خودای گەورەش لە رێگەی خەونێک وەڵامی داومەتەوە".

مەلا عەلی دەشڵێت، "شەو خەوتم و خەونم بینی کە خۆم و ماڵ و منداڵم دەچووینە حەج و جلوبەرگی حەجمان لەبەردابوو، دڵم زۆر خۆشبوو کە هەرگیز خەوی ئاوام نەبینیبوو"، مەلا عەلی دەشڵێت، "خەونەکەم بۆ برایەک گێڕایەوە و پێی گوتم، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خودای گەورە لەگەڵ گشتپرسییەو دەبێت بە بەڵێ دەنگ بدەین و خودا پێی خۆشە کورد ببێتە دەوڵەت و حوکم بە شەرعی خودا بکات".

هاوڕیان سڵاو مامۆستا عەلی کەڵەک ..بە بەڵێ دەنگ دەدات بە ریفرانۆم ئەمڕۆ بەرواری 12/8/2017 لەسەردانێکی دۆستانەدا

Posted by Halkawt Zaher on Saturday, August 12, 2017