دایکی ئەو کەسەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە گیانی لەدەستدا: زۆرم پێگوت مەچۆ


رووداو دیجیتاڵ

گریان و شینی ئەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، بۆ ئیبراهیم حەسەنی تەمەن 52 ساڵانە کە ئەمڕۆ لەکاتی ئاودانی سێو و سماقەکانی لە گوندی دشێش، گولـلەیەکی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا.
 
مەهدی ئەحمەد، شایەتحاڵە و دەڵێت، "هەر چاوەڕێمان کرد و دیار نەبوو، کاتێک چووین بینیمان کە گولـلە دۆشکە بەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە."
 
ئەحمەد عەلی، دانیشتووی گوندی دشێشە، دەڵێت، "تەقە لەنێوان تورکیا و پەکەکەدا دروستبوو، تۆپباران و تەقەکردن لەلایەن تورکیاوە زیاتر بوو، ئەو تەقانە لەلایەن ئەوانەوە [سوپای تورکیا] کراوە."
 
لە رۆژی 20ـی ئایاری ئەمساڵەوە لەبەر شەڕی تورکیا و پەکەکە، گوندی دشێش چۆڵکراوە، ئیبراهیم و 10 کەسی دیکەی گوندەکە بۆ ئاودانی باخەکانیان سەردانی گوندەکەیان دەکرد.
 
ئەمینە ئەبوزێد، دایکی ئیبراهیمە و بە رووداوی گوت، "کوڕەکەم نەچووبوو خەڵک تاڵان بکات، نەچووبوو کارێکی خراپ بکات، تەنیا چووبوو باخەکانی ئاو بدات، 10 جارم پێگوت مەچۆ باوکت خێری لەو زەوییانە نەبینی تۆش نایبینی." بەڵام ئیبراهیم گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرتبوو و بەیانیی ئەمڕۆ چووبووە گوندەکەیان.
 
ئیبراهیم باوکی حەوت منداڵ بوو. بەهار عیزەدین، هاوژینی ئیبراهیمیش دەڵێت، "13 بۆ 14 کەسی بەسەر مندا جێهێشت. من بووک و منداڵم هەن، هەمووی بەسەر مندا کەوتن. هەموویان پێویستییان بە ئەو بوو."
 
بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا کە لە 23ـی نیسانی ئەمساڵەوە لەو ناوچەیە دەستیپێکردووە، شەش گوند چۆڵکراون و زیاتر لە 22 دۆنم زەوی سووتاون.