لە سنووری دووکان کەسێک تەقە لە ماڵە خەزووری دەکات؛ کوژراو و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای دووکان بە رووداوی گوت، "گەنجێک لە گوندی قەمچووغەی سەر بە دووکان چووەتە ماڵی باوکی هاوژینەکەی و تەقەی لێکردوون لە رووداوەکە هاوژینەکەی و کەسێکی دیکە کە میوان بووە لە ماڵەکەیان کوشتوونی."
سیروان لالە سەرحەد راشیگەیاند: "گەنجەکە هەر لەو رووداوەدا خەسووی و کچێکی بچووکی بریندار کردووە، لەدوای رووداوەکە گوللەیەکی لەخۆی داوە و بەڵام بریندار بووە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو (ئاری تۆفیق) ناوی ئەو کەسەیە کە میوان بووە لە ماڵەکە، هاوکات خزمی ماڵباتەکە بووە و لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "تەقەکەر بە برینداری دەستبەسەرە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
پێشەوا بەختیار گوتی: "ئەو منداڵەی لە رووداوەکەدا بریندار بووە، کچی تەقەکەرەیە و برینەکەی قورس نییە، ئێستا لە نەخۆشخانەیە."