چیرۆکی کچێکی تەمەن 15 ساڵ، کە نازانێت دایک و باوکی کێن

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی دوو ساڵە کچێکی تەمەن 15 ساڵ بێ ماڵ و حاڵە و پێشتر لە ماڵێک ژیاوە، بەڵام دوای ماوەیەک زانیویەتی کە ئەوە ماڵی دایک و باوکی خۆی نییە و دەڵێت: ئەو کاتەی دایک و باوکم پێیانوتووم کە تۆ کچی ئێمە نی، تەمەنم 11 ساڵ بووە. 
 
ئەو کچە ناوی (ج.ع)ـە ە دوو ساڵە لە سەر شەقام شەو و رۆژ دەکاتەوە و هیچ کەسێک نەهاتووە خۆی بکاتە خاوەنی، ئەو کچە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و چیرۆکی خۆی باسکرد و گوتی، "رۆژێک لەو ماڵە دانیشتبووم کە منی تێدا دەژیام، لەگەڵ کەسێک کە هەر وامزانیوە دایکی منە، بەڵام لە پڕێکدا ئەو بە تووڕەیی وتی کە من دایکی تۆ نیم". 
 
ئەو کچە دەڵێت، لە ماڵەوە پێنج خوشک و سێ برام هەبوون و بەردەوام پێدەکەین و گاڵتەیان پێدەکردم. رۆژێک بەهەمان شێوەی دایکم، باوکیشم پێیگوتم کە "تۆ کچی من نیت". ئەو کاتە ئەو کچە بچووک بووە کە هەڵیانگرتووەتەوە و وەکخۆی دەڵێت، نازانێ تەمەنی چەند بووە و دەشڵێت: "هەڵسوکەوتی ئەو دایک و باوکەی لەلایان بووم زۆر خراپ بووە، هەرچەندە ئەشکەنجەی جەستەییان نەدەدام، بەڵام شەڕی دەروونیان لەگەڵ دەکردم".
 
بەگوتەی ئەو کچە تەمەن 15 ساڵە، شەوێک زۆر تووڕەیان کردووە و دواتر کاژێر 05:00ی بەیانی لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و سواری تاکسییەک بووە و لەگەڵ چوونەدەرەوەیش وەکخۆی دەڵێت "هەستی بە ئازادی کردووە". دواتر چووەتە بازاڕی نیشتمان و لەوێ دەستی بە کارکردن کردووە. 
 
ئەو کچە تاوەکو پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندوویەتی و بەگوتەی خۆی، لە ماڵەوە رێگرنەبووە لە چوونە قوتابخانەی و دەشڵێت: باوکم کتێبی دەفرۆشت. 
 
سیداد لەشکری، پرۆدیوسەری بەرنامەیبەرپرسیار سەردانی ئەو شوێنەی کرد کە کچەکە وتویەتی لێی ژیاوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکەی ئەو هیچ کەسێک بەوناوە نەبووە کە کچەکە باسی کردووە و پێیداوە. هەرچەندە کچەکە دەڵێت، من لە قوتابخانەی تارای کچانی بنەڕەتی لە قەزای خەبات خوێندوومە. 

 

 
وەلید خالید، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو و لەبارەی کەیسی ئەو کچە گوتی، ئەگەر کەیسەکە بچێتە دادگا رەنگە دادگای تووندووتیژی خێزانی رەوانەی خانەی چاودێری کۆمەڵایەتی بکرێت. 
 
ئەو کچە تاوەکو ئێستا نازانێت دایک و باوکی کێن، بەرپرسی یاسایی لە بەشی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێت، کێشەی ئەو کچە کاتییە و دادگای نەوجەوانان و تووندووتیژی خێزانی بڕیاری مانەوەیان لەنێو خانەکان دەدات. ئەمەش دوای ئەوە راپۆرتی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێدەگات.
 
ئەو کچە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو حەزناکات بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و پێیخۆشە لە دەرەوە بمێنێتەوە و بە کارکردن خۆی بژێنێت. دەشڵێت "چوومە بەشی تووندووتیژی ژنان، بەڵام ئەوان باوەڕیان بەمن نەکردووە."
 
 
خاڵی کچەکە: لەسەربان بەربووەتەوە و زاکیرەی لەدەستداوە
 
کەسێک بەناوی خەتاب پەیوەندی بە بەرنامەی بەرپرسیارەوە کرد و خۆی وەک خاڵی کچەکە ناساند و بە رووداوی راگەیاند "ئەو کچە خوارزامە، پێش 20 رۆژ لە سەربان بەربووەتەوە و زاکیرەی لەدەستداوە. کەیسیشی لە قەزای خەبات هەیە."
 
کەسێکی دیکە بەناوی مەلا عەبدولکەریم پەیوەندی کرد و وتی کە لە بنکەی تووندووتیژی ئافرەتان لە قەزای خەبات فەرمانبەرە و گوتی، " ئەو کچە شەو کاژێر 12:00ی شەو لە ماڵ چووەتەدەرەوە و کەسیش ئاگای لێنەبووە. هیچ هەڕەشەیەکیش لەسەر ژیانی ئەو کچە نییە. ئەو کچەکەش دوو رۆژە لە ماڵ چووەتەدەرەوە. لەلایەن کەسوکارەکەیشەوە سکاڵا تۆمارکراوە."
 
مەلا عەبدولکەریم دەشڵێت، بەڵێ ئەو کچە لەسەربانی ماڵەوە بەربووەتەوە و ئەمڕۆ کاتی سەردانی دکتۆری بووە.
 
تەواوی بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی کچەکە