بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان: 35 کتێبی پرۆگرامەکانمان گۆڕيون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ دەستکاریی 35 کتێبیان لە پرۆگرامەکانی خوێندن کردووە، لە هەندێک لەو کتێبانەدا وەکو زمانی کوردی و زانست 100% گۆڕانکارییان تێدا کراوە، ساڵی داهاتووش 30 کتێبی دیکە بە دەستکاریکردن و گۆڕینەوە ئامادە دەبن.
 
حەسەن سەرتیب جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی پارەوە سەرقاڵی گۆڕانکارین لە پرۆگرامەکانی خوێندن، ئەمساڵ توانیویانە دەستکاری و گۆڕانکاری لە 35 کتێب بکەن و بەردەستن بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023، بۆ ساڵی ئایندەش 30 کتێبی دیکە دوای گۆڕانکارییکردن بەردەست دەبن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "گۆڕانکارییەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە و بابەتییانە کراون و لەگەڵ رێڕەو و سەردەمدا دەگونجێن، هەندێک لە وانەکانیش لەوانە زانست و کوردی 100% دەستکاری کراون.'
 
سەبارەت بە وردەکاریی پرۆگرامەکان بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2022 - 2023  کە رۆژی 13ی ئەیلوول دەستپێدەکات و 1ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێدێت، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان دەڵێت، "گۆڕانکاریی زۆر گەورەمان لە پرۆگرامەکانی خوێندن کردووە، بە نموونە لە بابەتی زانستی پۆلی 1ی بنەڕەتی گلەییەکی زۆر دەکرا کە ناکرێت ئەو پرۆگرامە قورسە بخوێندرێت، دوای توێژینەوە گۆڕانکاریمان تێدا کرد."
 
یەکێکی دیکە لەو پرۆگرامانەی گۆڕانکاریی تێدا کراوە، خوێندنی زمانی کوردییە، حەسەن سەرتیب جاف لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "کتێبی کوردی گلەیی زۆری لەسەر بوو، لە بازنەی یەک کە پۆلەکانی یەک و دوو و سێن گۆڕانکاریمان دەستپێکرد، پۆلی دوومان تەواوکرد بە باشترین شێواز و سیستمی سەردەم، بەڵام فریانەکەوتین بۆ وەرگێڕانی بە شێوەزاری بادینی، دواتر لە بازنەی چوارەمدا پۆلەکانی 10، 11 و 12یە، ئەمساڵ هەموویان کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، ئێستا خەریکی بازنەی دووین کە پۆلەکانی 4 و 5 و 6ن بۆئەوەی کتێبی کوردی بگۆڕین و هەوڵدەدەین بیانگۆڕین، جگە لەوە بتوانین پۆلی نۆیەمیش بگۆڕین."
 
سەبارەت بە بایەخدان بە زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا وەکو ئەوەی وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر کردووەتەوە، حەسەن سەرتیب جاف گوتی، "لە قوتابخانە ناحکومی و نێودەوڵەتییەکانیش بایەخێکی زۆرمان بە زمانی کوردی و کۆمەڵایەتی داوە و وەزارەت جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی هەڵسەنگاندن بکرێت لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی بۆ سەرجەم قوتابیانی ئەو پۆلە لە مانگی نیسان، بۆئەوەی بزانین ئەو قوتابخانانە بایەخ بە زمانی کوردی دەدەن یان نا، بەشە وانەمان داناوە و رێککارمان دیاریکردووە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە."
 
لەبارەی بابەتی ئایین و پەروەردەی ئیسلامییەوە، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "هەستمان کرد زۆر قورس و گرانە و لە یەک تاوەکو 10مان تەواوکرد و هەوڵدەدەین 11 و 12ش تەواو بکەین و هەمووی بە شێوەیەکی باش دیزاین کراوە و وێنەکان و تەنانەت مزگەوتەکانی نێو کوردستانمان بەکارهێناوە و منداڵ بە جلی کوردییەوە دەردەکەوێت، 10 کتێبی پەروەردەی ئیسلامیشمان تەواو کردووە."
 
بابەتی وەرزش و هونەر کە لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە یان بایەخی پێنادرێت، بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە لەبارەیەوە دەڵێت، "هەستمان بەوە کرد قوتابخانەکانمان بوونەتە سەربازگە، لەبەر ئەوەی وەرزش و هونەر زۆر بایەخیان پێنادرێت، بۆیە رێبەرێکی وەرزشمان لە پۆلی یەک تاوەکو شەش و حەوتیشمان دروستکرد بۆ ئەوەی بایەخێکی زۆری پێبدەین و بەشە وانەکانیشمان بۆ هەردوو بابەتەکە زیادکرد، ئەوەشمان کردووەتە مەرج کە نابێت وانەی یەکەم و کۆتایی بکرێنە هونەر و وەرزش و دەبێت لەو نێوانە دابنرێن و بخوێندرێن."
 
سەبارەت بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، حەسەن سەرتیب جاف ئەوەی خستەڕوو، "لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان ئەتڵەسێکی جوان و رێکوپێکی کوردیمان لە پۆلەکانی 4 تاوەکو 12 داناوە بە کۆمەڵێک نەخشەی رێکوپێک و گونجاو و جوان دیاریکراوە و لەبەردەستن بۆ ئەمساڵ."
 
لەبارەی بابەتی کۆمپیۆتەریش ناوبراو گوتی، "لە قوتابخانەکان ساڵی پار بە شێوەی مەلزەمە بابەتی کۆمپیوتەر دەخوێندرا، بۆ ئەمساڵ بەناوی تەکنەلۆژیای زانیاری چوار کتێبمان بۆ پۆلەکانی 7 و 8 و 10 و 11  ئامادە کردوون و بابەتەکانمان هەموو داخڵ کردووە و هەموو زانیارییەکی تێدایە و کۆمەڵێک یاسا و رێسامان تێدا داناوە لەبارەی بەکارهێنانی مۆبایل و تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی خراپ و یاساکان و سزاکان خراونەتەڕوو."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ساڵی داهاتوو بابەتی دەروونزانی لە چەند پۆلێک زیاد دەکرێت، "هەوڵدەدەین بۆ ساڵی داهاتوو دوو کتێب بۆ پۆلەکانی 8 و 10 بەردەستبخەین بەناوی دەروونزانییەوە، ئەو دوو کتێبە بۆ ئاشناکردن و شارەزاکردنی گەنجانمان و هەرزەکارانمان بە خۆیان و بۆ ئەوەی مامۆستاکانیان قوتابیان بە بارە دەروونییەکانیان ئاشنا بکەن، بەتایبەت لە کاتی هەرزەکاریدا."