پێنجشەممە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا. 
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو سەنگەر عەبدولڕەحمان زانیاریی لەبارەی سەردانەکە خستەڕوو و گوتی، رۆژی پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدا دەکەن. 
 
دواتر، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کاتی سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
وەکو پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویشیاندا مووچەیان پێ بدرێت." 
 
گوتەبێژی حکومەت گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەردانی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکومەت، پێشاندانەوەی نیەتی سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە." 

 

بەیانی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی گوتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەشێوەیەکی ئاشتییانە، سەردانی بەغدا دەکەن.