دڵشاد ئیبراهیم: بەربەستەکانی بەردەم کورد فێربوونی زمانە
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی کورد بۆ هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە شاری دویسبۆرگی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالنی ئەڵمانیا دەڵێ، کێشەی کورد لەو شارە بەربەستی زمان و دۆزینەوەی شوێنە بۆ منداڵەکانیان و داوا لە رەوەندی کوردی دەکات هەموویان بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن و دەڵێت، کورد پێویستی بە نوێنەرایەتی هەیە.
رۆژی یەکشەممە 14-9-2025 لە 104 شاری هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن، ئەنجوومەنەکانی بیانییان و یەکگرتن هەڵدەبژێردرێن و کوردی دانیشتووی ئەم هەرێمە چاویان لەسەر ئەوەیە، جێگەی خۆیان لەنێو ئەو ئەنجوومەنانەدا بکەنەوە.
دڵشاد ئیبراهیم، بەربژێرێکی کوردە لە شاری دویسبۆرگ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باس لە کارنامەکەی دەکات و دەڵێت، "دەمەوێت ببمە یارمەتیدەری ئەو گەنج و لاوە کوردانەی لێرە رووبەڕووی سەختی دەبنەوە."
دڵشاد ئیبراهیم خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی سی ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، ئەو تاکە بەربژێری کوردە لەو شارە و پیشەی وەرگێڕە و باس لە کێشەکانی بەردەم رەوەندی کورد لەو شارە دەکات و دەڵێت، "منداڵ و لاوەکانمان لێرە ون دەبن، بۆیە گوتم دەبێت من بۆ ئەوان کار بکەم."
ئامارە نیمچە فەرمییەکان دەڵێن، لە ئەڵمانیا لەسەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار کوردی دیاسپۆرانشین دەژین. بەشی هەرە زۆریان لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفاڵن.
دڵشاد ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری خۆپاڵاوتنی پلان بۆ داڕێژراو نەبووە، بەڵکو دوای ئەوەی هەستی کردووە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە نوێنەرایەتیی هەیە، ئەم هەنگاوەی ناوە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، کێشە سەرەکییەکانی کورد لەو شارە بریتین لە بەربەستی زمان، سەختیی دۆزینەوەی شوێن بۆ منداڵان لە باخچەکاندا، هەروەها کاروباری ئیداری لە فەرمانگەکانی کاروباری بیانییەکان.
سەبارەت بە بەرنامەی کاری خۆی، ئیبراهیم دەڵێت: "پلانی من ئەوەیە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بکەینەوە. دەمەوێت بۆ یارمەتیدانی گەنجان و کەسانی بەساڵاچووی کورد کار بکەم."
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 10 هەزار هاووڵاتیی سووری لە شاری دیسبۆرگ دەژین، بەڵام هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی کورد لەبەردەستدا نییە. گەورەترین کۆمەڵگەی بیانی لەو شارە تورکەکانن، بەڵام ئەم بەربژێرە کوردە دەڵێت، جگە لە پشتگیریی سەرەکیی کورد، لەلایەن عەرەبی سووریا و هاوڕێ تورکەکانییەوە پشتگیری لێدەکرێت.
دڵشاد ئیبراهیم بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم کوردانی ئەڵمانیا کرد و گوتی: "بانگەوازی من بۆ هەموو کوردپەروەرێک ئەوەیە، کە بچنە سەر سندووقەکان و دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن. دەبێت پشتگیریی یەکدی بکەین، چونکە هەندێک جار سەرکەوتن تەنیا بە یەک دەنگ دێتە دی."