گەڕان بۆ کتێب لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
رووداو - سلێمانی
ئەمڕۆ یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی کتێبخانەی گشتی سلێمانییە، هەنگاوی سەرەتایی دەستپێکردنی پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی شێوازی خواستن و گەڕان بەشوێن کتێب لە کتێبخانەکان دەستیپێکرد.
جەمال ئەحمەد جەمیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "نزیکەی 7 مانگ دەبێت، کار لەو سیستەمە دەکرێت و بەردەوامە، خوێندکارێکی زانکۆ وەکو خۆبەخشێک ئەوکارە دەکات".
کتێبخانەی گشتی سلێمانی، نزیکەی 120 هەزار کتێب و سەرچاوەی تێدایە، هەندێک لە کتێبەکان بە سەرچاوەی دەگمەن دادەنرێن، هەندێکیان بەرگی یەکەمن و هەندێکیشیان دەستنووسن، کە لەو کتێبخانەیەدا هەڵگیراو و پارێزراون.
ئالان رەئووف، بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ رایدەگەیێنین، هەنگاوی سەرەتایی دەستپێکردنی پرۆژەکەیە، کە ئەویش بە ئەلیکترۆنیکردنی شێوازی خواستن و گەڕان بەشوێن کتێبەکانە لە کتێبخانەی گشتی".
ئالان رەئووف، گوتی: "ئەو سیستەمەش بە سوپاسەوە لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی گەرمیان بە خۆبەخشانە ئەنجامدراوە و چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکات، ئێمەش توانیمان پێدوایستییەکانی سەرخستنی ئەو پرۆژەیەی بۆ دابین بکەین".
ئالان رەئووف، گوتیشی: "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات و رەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، چونکە زیاد لە 100 هەزار کتێب و گۆڤار و سەرچاوەمان هەیە، قۆناخ بە قۆناخ دەخرێنە ناو ئەو سیستەمە ، هیوادارین بە تەواوبوونی پرۆژەکە خوێنەران و سەردانکەران بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێ ببینن".
بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی سلێمانی، دەڵێت: "هەنگاوی دووەم گواستنەوەی ئەو زانیارییانەیە بۆ نێو سایتی فەرمی کتێبخانەکە، بۆ ئەوەی خوێنەر بە ئاسانترین شێوە لە ماڵەوە بتوانێت بەدوای ئەو کتێب و سەرچاوانەدا بگەڕێت کە لە کتێبخانەکەدا هەن".