سەرۆک بارزانی: جێبەجێکردنی دەستوور رێگەچارەی یەکجارییە بۆ رزگاربوون لە تەنگەژە سیاسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین، پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کرد.
بەپێی بارەگای بارزانی، لە سەرەتای دیدارەکەدا، جەنەراڵ پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە بینینەوەی سەرۆک بارزانی نیشانداوە و ئاماژەی بەوەداوە کە دوایین جار سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی رۆڵی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کردووە کە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، رووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریانهەڵدا و بوونە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەواوی جیهان.
لای خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی جەنەراڵ پێتریۆسی کرد و سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد، کە رۆڵێکی بەرچاویان بینی لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری.
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بارەگای بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە، کە بە رێگەچارەی یەکجاری بۆ رزگاربوونی عێراق لە تەنگەژە سیاسییەکان وەسفی کرد.
سەرۆک بارزانی هیواشی خواستووە هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوە بن و "واز لە تۆڵەسەندنەوە و رق و کینە بەرانبەر بە یەکتری بێنن".
بارەگای بارزانی باس لەوە دەکات، سەرۆک بارزانی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە و روونی کردەوە کە "ئەگەر ئەوکات پەسند و جێبەجێ کرابا، ئێستا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو".
هەروەها، سەرۆک بارزانی جەختی لە دوایین رێککەونتی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کردەوە لەبارەی نەوت و گاز، بارەگای بارزانی دەڵێت، بە ئەرێنی وەسفیکرد و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بناخەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.