رووداو دیجیتاڵ
حیزبی شیوعی کوردستان دەیەوێت سیناریۆی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق دووبارە بکاتەوە، لە رێگەی پشتگیریکردن لە بەربژێرێکی کۆتای کریستیانەوە لە پارێزگای هەولێر، کورسییەکی پەرلەمان مسۆگەر بکات.
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان، رۆژی دووشەممە 13-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حیزبی شیوعی کوردستان وەکو لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نەکردووە، بەڵکو پشتگیری لە سائیرە یوسف عەزیز سلێوە، بەربژێری کۆتای کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر بە ژمارە 342 دەکات.
جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوڕێ سائیرە یەکێکە لە تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی، هاوژینی شەهید کارزانە و باوکیشی شەهیدی حیزبە، لە بنەماڵەکەیاندا نزیکەی 35 کەسیان شەهید کراون."
هیوا عومەر گوتیشی: "سەرجەم رێکخستنەکان و لایەنگرانی حیزب، لە پارێزگاکانی دیکەش دەنگ بە هاوڕێ سائیرە دەدەن، بۆ ئەوەی دەربچێت و ببێتە ئەندامی پەرلەمان."
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، حیزبی شیوعی بە هەمان شێوە پشتگیری لە بەربژێرێکی کۆتای کریستیانەکانی کرد و فاروق حەننا عەتۆ شەمعون بووە ئەندامی پەرلەمان. جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان گوتی: "هاوڕێ فاروق پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی شیوعی بووە و پشتگیریمان کرد بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمان."
سائیرە یوسف کێیە؟
- سائیرە (ثائرة) یوسف عەزیز سلێوە.
- 1960 لە عەنکاوە لەدایکبووە.
- 1973 خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی کچانی "باعووس" (باعوث) تەواوکردووە.
- 1976 قۆناخی ناوەندیی لە قوتابخانەی ناوەندیی عەنکاوە تەواوکردووە.
- 1979 خانەی مامۆستایانی کچانی لە هەولێر تەواوکردووە.
- لە 24-06-1990 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
- دوای ساڵ و نیوێک لە پێکهێنانی هاوژینی، دیدار بیا سڵێوە ناسراو بە ملازم کارزان-ی هاوژینی، لە 22-12-1991 لە عەنکاوا کوژراوە.
- دوای نزیکەی 20 ساڵ خزمەت لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، لە 2000 لەسەر داوای خۆی خانەنشین کرا.
- دوای نزیکەی 20 ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا، گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
- بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کۆتای کریستیان خۆبەربژێر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ