هێمن قەرەداخی نووسەر و شاعیر بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، نووسەر و شاعیر هێمن قەرەداخی بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا. یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی کە لە کاتی رووداوەکە لەگەڵیدا بووە دەڵێت، "بۆ میوە کڕین لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزی".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێمن لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک بۆ کڕینی میوە لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بارهەڵگرێک پێیدا کێشاوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هاوکات، سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرا 122 بۆ رووداو گوتی، "ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک کە شۆفێرەکەی عەرەب بووە لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی لە هاوڵاتییەک دەدات، ئەو هاوڵاتییە هێمن قەرەداخی بووە و گیانی لەدەستداوە".
هێمن قەرەداخی، یەکێک لە نووسەر و شاعیرە دیارەکان بوو، خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە.
لەبارەی ئەم رووداوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسە و پەژارە و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی نووسەری بەڕێز و ئازیزمان هێمن قەرەداخی دەردەبڕین. داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و جێگای بەڕێزیان بەهەشت بێت".
کامەران سوبحان، کە نووسەرێکی هاوڕێی هێمن قەرەداخیە، لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڕێیەکەیەوە بە رووداوی گوت، "داخێکی گەورەیە ئەو پیاوە بەڕێزەمان لەدەستدا، ئەو نووسەرێکی لێهاتوو و شاعیرێکی جواننوس بوو، جگە لە شیعر لە بواری عیرفانی و تەسەوف و بابەتە فیکرییەکاندا کتێب و نووسینی زۆرە، ئەو خوێندکاری ماستەر بوو لە بەشی فلیمسازیی زانکۆی سەڵاحەدین کە ئەمساڵ یەکەم ساڵی بوو".